بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر و وەزیرى تەندروستى، لەهەولێر کۆنفرانسێکى تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە ئەنجامدرا
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 2022.2.6، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى لێژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان و ژمارەیەکى دیکە لە پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و پزیشکان، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى شێرپەنجە لەژێرناونیشانى (کەلێنى خزمەتگوزارییەکانى شێرپەنجە پڕبکەرەوە) وەزارەتى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهەماهەنگى سندوقى کۆمەک بۆ تووشبووانى شێرپەنجە، کۆنفرانسێکى سەبارەت بە ئامار و کار و چالاکیەکانى وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە ئەنجامدا.
لەدەستپێکە کۆنفرانسەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان لە ووتارێکدا ئاماژەى بەوەدا کە لەهەرێمى کوردستانیش وەکو زۆربەى زۆرى ولاتانى جیهان لە ڕۆژى جیهانى شێرپەنجە چەندین چالاکى جۆرا و جۆر بۆ هۆشیارکردنەوە و خستنەڕووى ئامارە کان پێشکەش دەکرێت. هەروەها ئاماژەى بەڕۆڵى وەزارەتى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستاندا سەبارەت بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان و سوپاسى وەزارەتى کرد کە توانیویەتى تاڕادەیەکى زۆر باش خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان لە هەموو بوارەکاندا بۆ هاوڵاتییان فەراهەم بکات، بەتایبەتى لە ئێستادا كه لە ڕێگەى سەنتەرەکانەوە خزمەتگوزاریەکى باشى تەندروستی پێشکەش دەکرێت بەتووشبووانی شێرپەنجە، پارێزگارى هەولێر جەختى لەوەشکردەوە کە ئەگەر ئەرکى حکومەت و وەزارەتى تەندروستیى گرنگیدان بێت بە چارەسەرکردنى نەخۆشیەکان و هۆشیارکردنەوەى هاولاتییان، ئەوە هێندە زیاتر ئەرکى هاولاتییان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنییە ببن بە بەشێکى گرنگ و ڕۆڵیان هەبێت لەهۆشیارى تەندروستیى و خۆپارێزى لە نەخۆشییەکان بەتایبەتى لە نەخۆشى شێرپەنجە.