وهزیری سامانه سرووشتییهكان و پارێزگارى ههولێر، سەردانى ناوەندى قەزایى شەقڵاوە و چەند گوندێکى ناحییەى هیرانیان کرد
نیوەڕۆى یەکشەممە 2022.2.6، بەمەبەستى دڵنیابوون لە پڕۆسهی دابهشكردنی نهوتی سپی بەسەر ماڵان بە سهركهوتوویی و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشى هاوڵاتییان و کێشە و گرفتەکانیان، د.کەمال ئەتروشی، وهزیری سامانه سرووشتییهكانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەردانى ناوەندى قەزایى شەقڵاوە و چەند گوندێکى سنووری ناحییەى هیرانیان کرد.
سەرەتا سەردانى قەئیمقامیەتى قەزایی شەقڵاوەیان کرد و لەلایەن ئیبراهیم شێخەڵڵا، قائیمقامى قەزاکە و بەرپرسانى ئیدارەى ناوچەکە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، پاشان بەیاوەرى قائیمقام و بەرپرسانى ئیدارى ناوچکە سەردانى گەڕەکى شەهیدانى شەقڵاوە و چەند گوندێکی سنوورى ناحییەى هیرانیان کرد و لەنزیکەوە لەگەڵ هاوڵاتییان لەبارەى چۆنیەتى دابەشکردنى نەوتى سپى و گەیشتنى بەماڵان گفتۆگۆیان کرد و گوێیان لەگللەیى و خواست و داخوازییەکانیان گرت بەتایبەتى لەبارەى نرخی غاز، بهنزین و نهوت، لەوبارەیەشەوە وەزیری سامانە سرووستییەکان رایگهیاند: " لەزووترین كات چارهسهری کێشەى غاز، بهنزین و نهوت دەکەین، هەروەها وتى: "ببورن كهمێك درهنگ هاتمه لاتان، دهبوایه زووتر بهاتبام، بهڵام له داهاتوودا سێ مانگ جارێك سهردانتان دهكهم".
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "تەئکید لەوەدەکەینەوە ئێمە وهكو پارێزگاى هەولێر و سەرجەم فەرمانبەرانى لەخزمەتى هاوڵاتیان داین، نیوەڕۆى یەکشەممە لە دیوانى پارێزگاى هەولێر بە ئامادەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ بەڕێز وەزیری سامانە سرووستییەکانی حكومهتی ههرێمی كوردستان کۆبووینەوە، بۆئەوەى لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم پارێزگارەکانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرێز وەزیرى سامانە سرووشتییەکان ڕێکبخرێت بۆ چارەسەرکردنى تەواوى ئەو کێشە و گرفتانەى هەن لە بوارەکانى غاز، نەوت و بهنزین، لەبارەى پڕۆسەى دابەشکردنى نەوتیش لەکۆبوونەوەکەدا جەختمان لەوەکردەوە کە لە ساڵى ئایندەدا بەبێ کەم و کوڕى و زووتر لەمساڵ دەست بە پڕۆسەى دابەشکردنى نەوتى سپى بکرێت بەسەر هاوڵاتییان.".