پارێزگاری هەولێر له ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، کار و پڕۆژەکانی ساڵى 2021 و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێری بۆ ئەم ساڵ 2022 خستە ڕوو
ئومێد خۆشناو: "لەماوەی ساڵى ڕابردوو (140) پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان لهسنوور پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە"
رۆژی سێشەممە، 2022.2.8 بەئامادەبوونى سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەن کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 96ی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئەنجامدرا و تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دواى یەک ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دەستبەکاربوونی وەک پارێزگارى هەولێر، کار و پڕۆژەکانی ساڵى 2021 و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێری لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەم ساڵ 2022 خستە ڕوو.
پارێزگارى هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێکى سەبارەت بە تەواوى ئەو پڕۆژە و کارانەى لەماوەى ساڵی رابردوودا 2021 لە سنوورى پارێزگای هەولێر لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگا ئەنجامدراوە باسکرد، ئاماژەى بەوەدا کە لەساڵى ڕابردوو 2021 دەرخستەی پڕۆژەکانى پەڕەپێدانى پارێزگاى هەولێر کە گوژمەى تەرخانکراو بۆى 28 ملیار و 852 ملیۆن دینار بووە، 133 پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێکراوە، ئەوە جگە لەئەنجامدانى چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی تر لەلایەن وەزارەتەکانەوە، هەروەها تیشکى خستە سەر ئەوەى کە زۆربەى پڕۆژەکان لە ناوچە ھەژارنشینەکان و ئەو شوێنانە ئەنجامدراوە کە کەمترین دەستی خزمەتگوزارییان پێگەیشتوو و ڕایگەیاند: "لە ماوەی ساڵی رابردوو، 133 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بە گوژمەی 28 ملیار و 852 ملیۆن دینار جێبەجێکراون، هاوکات حەوت پڕۆژەی ستراتیجیی بە گوژمەی 16 ملیار و 697 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە. پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی بە بوودجەی سەربار و فریاکەوتن کرد و گوتی: "لە بوودجەی سەربار و فریاکەوتنیشدا، 213 پرۆژەی بچووک لە سێکتەرە جیاوازەکان بە گوژمەی 10 ملیار دینار جێبەجێکراوە، ئەوە جگە لە چەندین پڕۆژەى دیکە کە لەلایەن خێرخوازن و رێکخراوەکانەوە جێبەجێکراوە کە خۆی لە دروستکردنى قوتابخانە، نەخۆشخانە و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریی دەبینێتەوە".
پارێزگارى هەولێر لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسى لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانى وشکەساڵیی کرد و لەمبارەیەشەوە رایگەیاند "لەساڵی رابردوودا، بەهۆى وشکەساڵى و ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکانى، بە بڕی 7 ملیار و 450 ملیۆن دینار، 101 بیری تازە لێدراوە و 513 بیری دیکەش چاککراوەتەوە".
پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانى هەردوو لافاوەکەی ساڵى ڕابردوو و لافاوەکەى سەرەتاى ئەم ساڵی هەولێر گوتی: "لە لافاوی یەکەمدا 877 خانوو و 356 ئۆتۆمبیل زیانیان بەرکەوت بوو کە بە بڕی 4 ملیار و 452 ملیۆن دینار هاوکاری هاوڵاتییانى زیانلێکەوتووى لافاوەکەمان کردۆتەوە، هەروەها لە لافاوی دووەم کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2021 دروست بوو، زیانەکانی بە بڕی 21 ملیار دینار خەمڵێندرا و بۆ ئەم مەبەستەش هەژمارێکی بانکیمان کردەوە تاوەکو خێرخوازان بەشداریی بکەن کە تائێستاش ئەم ژمارە بانکیە بەردەوامە و ئەو بڕە پارەیەى تاوەکو ئەوکاتەى قسە دەکەین گەیشتۆتە ئەم ژمارە بانکییە، 5 ملیار و 579 ملیۆن دینارە، حکومەتى ناوەندى عێراقیش لەبودجەى فریاکەوتن کە مافێکى دەستوورى خۆمانە ئەو بەشەى لەبەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان دەیبڕێ بۆ مان ڕەوان بکاتەوە لەم کاتانەدا ڕەزامەندى لەسەر ناردنى 2 ملیار دینار داوە کە ئێمەش لەلاى خۆمانەوە ئەو بڕە پارەیەمان ڕەت کردۆتەوە، سوپاس بۆ پشتیوانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر کە پاڵپشتمان بوون لە ڕەتکردنەوەکەیدا، ئێستاش هیوادارین حکومەتى بەغدا چاوو بەو بڕیارەیان بخشێنەوە، چونکە قەبارەى زەرە و زیانەکانى هاوڵاتییان زۆر زیاترە لە زیانەکانى لافاوى یەکەم کە بڕى 3 ملیار دیناریان ڕەوانکرد".
لەکۆتایشدا پارێزگاری هەولێر، پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێرى بۆ ساڵی 2022 خستەڕوو و رایگەیان: "بۆ ئەم ساڵ 2022، 131 پڕۆژە دیکەى خزمەتگوزارى لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش داوای بوودجەی پێویست کراوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە پێویستیمان بە 78 ملیار و 232 ملیۆن دینارە".
پاشان دەرفەت بە ئەندامانى ئەنجومەن درا بۆ پرسیاركردن و خستنهڕووى سەرنج و تێبینیەکانیان و لەلایەن بەڕێز پارێزگارى هەولێر وەڵامی پرسیار و تێبینى و سەرنج و پێشنیارەکانیان درایەوە.