پارێزگاری هەولێر و کونسڵى گشتیى ئیمارات، دیارى و پێداویستى تایبەتى بەسەر بەساڵاچووان دابەشکرد
سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 2022.2.8، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیان و ڕەوشی تەندروستیان و دابینکردنى پێداویستییەکانیان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەحمەد ئەلزاهرى، کونسڵى گشتیى ئیمارات لە هەولێر، سەردانى خانەی بەساڵاچووانى هەولێرى کرد و دیارى و پێداویستى تایبەتى بەسەر بەساڵاچووانى خانەکە دابەشکرد.
لە سەردانەکەیدا كهبەڕێوەبەرى گشتیى چاودێرى و کەشەپێدانى کۆمەڵایەتى و بەڕێوەبەرى EJCC/ پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر، دیارى و پێداویستى و جل و بەرگیان بەسەر بەساڵاچووان و کارمەند و فەرمانبەرانى خانەکە دابەشکرد، کە لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی بە هەماهەنگى EJCC/ پارێزگای هەولێر بۆیان ئامادەکرابوو. پاشان پارێزگارى هەولێر وێڕای دەستخۆشى بۆ ماندووبوونی بەڕێوەبەر و ستاف و دەستەی کارگێڕی خانەی ناوبرا لەجێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانییان، لەکەم و کوڕیی و پێداویستییەکانی خانەی ناوبراو و ڕەوشی تەندروستی بەساڵاچووان و پێداویستییەکانی کۆڵییەوە.
جێگەى باسە بەرێز ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر گرنگیەکى تایبەت بە خانەی بەساڵاچووان و خانەى نەوجەوانانی کوڕان و کچانی هەولێر دەدات و لەنزیکەوە چاودێریان دەکات و ناوە ناوەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیان و ڕەوشی تەندروستیان و دابینکردنى پێداویستییەکانیان سەردانى خانەکان دەکات.