پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە باڵیۆزى فلیپین لە عێراق کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە باڵیۆزى فلیپین لە عێراق کرد

رۆژی یەکشەمە 2022.2.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە جینیروسۆ کالونگ، باڵیۆزى فلیپین لە عێراق کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزى فلیپین لە عێراق سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ڕێکخستنی دیدارەکە و تەئکیدی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و بالیۆزخانەى فلیپین لە عێراق کردەوە. لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنان، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت خوازیاری باشترین پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیین لەگەڵ نوێنەرانى سەرجەم وڵاتان". هه‌روه‌ها جه‌ختى لەسەر پەرەپێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فلیپین کردەوە.
لەتەورێکی تری دیدارەکەدا، باس لەو هاوڵاتییە فلیپینیانە کرا کە لە هەولێر پایتەخت کاردەکەن، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە هەموو پاڵپشتى و ئاسانکارییەکیان پیشکەش دەکات، ئاماژەى بەوەشدا کە بەخۆشحاڵییەوە ئەوان کەمترین گرفت و کێشەیان هەیە و وتى "وەک پارێزگاى هەولێر، خۆشحاڵین جگە لە کارکردنى هاولاتییانى وڵاتەکەتان لە هەولێر پایتەخت سود لەکۆمپانیاکانى وڵاتەکەشتان وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو ئەو کۆمپانیانە کرایەوە کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن، ئێمەش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکارییەکیان پیشکەش بکەین". پاشان گفتوگۆ لەبارەى بارودۆخى ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەنگاوەکانی پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق کرا.
لەکۆتایدا باڵیۆوى فلیپین لە عێراق، سوپاسى پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێی کرا و ئامادەیی هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی خۆشی بۆ پارێزگار و پارێزگای هەولێر نیشاندا.