بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و پارێزگارى هەولێر، بەشی نۆڕینگەى ڕاوێژکارى ئازادى ئێواران کرایەوە
ئێوارەى رۆژی چوارشەممە 2022.2.16، بەئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئەحمەد کانى، بەرپرسى لقى2ى پارتى دیموکراتى کوردستان و زانا مەلا خالید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتی تەندروستى هەولێر، لەڕێورەسێکەدا بەشی نۆڕینگەى ڕاوێژکارى ئازادى ئێواران کرایەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى بەشەکانی بنکەکە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرى تەندروستیى، پارێزگارى هەولێر ویڕاى پیرۆزبایی لە پزیشک و کارمەندان، تیشکى خستە سەر ئەوەى بوونى ئەم بنکە ڕاوێژکارییە تەندروستییە لەم سنوورە بۆ ئێواران خزمەتگوزارییەکى گرنگ پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات، هەروەها ڕایگەیاند: "دروستکردنەوەى سەرلەنوێى بنکەی تەندروستی ئازادى خێزانى کە مێژوویەکى درێژى هەیە لەشارى هەولێر لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان، کە لەم نزیکانە نۆژەنکرایەوە، بەکردنەوەی بەشى ئێوارانى دەتوانێت زیاتر خزمەتی هاوڵاتییان بکات".
پارێزگارى هەولێر گوتیشى: کردنەوەى بەشى ئێوارانى ئەم بنکەیە جگە لەوەى فشار لەسەر نەخۆشخانەکان کەم دەکاتەوە، لەڕووى تەندروستییشەوە خزمەتێکى باش پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات، سوپاس بۆ وەزارەتى تەندروستى و بەڕێز وەزیرى تەندروستى و دەست خۆشى بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ کردنەوەى بەشی ئێوارانی ئەم بنکەیە، پشتیوانى بە خوداى گەورە وەکو پارێزگاى هەولێر هاوشان لەگەڵ پڕۆژەکانى ترى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 لە چوارچێوەى کارنامەى کابینەى نۆیەم و بەراسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لەدەستکردنەوە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، کۆمەڵێک بەرنامەى باشمان داڕشتووە بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر بە کەرتى تەندروستى لە سنوورى پارێزگاکەمان".
جێگەی باسە، بنکەى تەندروستى ئازادى خێزانى لەشارى هەولێر، بکەیەکى تایبەتمەندە لە جۆرى A و خزمەتگوزارى گشتگیر و سەرەتایی پیشکەشى هاوڵاتییان سنوورى ئەو گەرەکانە دەکات کە ژمارەیان 60,000 شەست هەزار هاوڵاتییە و لەهەمانکاتدا بنکەیەکى خێزانییە و لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى (2,104,155.000) دوو ملیار و سەد و چوار ملیۆن و سەد و پەنجاو پێنج هەزار دینار ئەوبنکەیە تێکدرا و سەرلەنوێ دروستکرایەوە.