پارێزگاری هەولێر، لەپەرلەمانى کوردستان سەردانى هەردوو فراکسیۆنی پارتى و یەکێتی کرد
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەمە 2022.2.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری سیروان ڕِۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، لەپەرلەمانى کوردستان، سەردانى هەردوو فراکسیۆنی پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانى کرد.
پارێزگارى هەولێر لەسەرەتا سەردانى فراکسیۆنی پارتى دیموکراتى کوردستانى کرد و لەلایەن زانا مەلا خالید، سەرۆکى فراکسیۆن و ئەندامانى فراکسیۆن بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لەدیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر دواین کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ڕایگەیاند، کە هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ تاوەکو زۆرترین خزمەتگوزارى پێشکەش بەسەرجەم ناوچەکان بکەین بە شێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازى، بەتایبەتى ناوچە هەژارنشین و ئەو شوێنانەى کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆکى فراکسیۆن و ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان تەواوى پشتگیری و پشتیوانیی خۆیان بۆ کارەکارەکانی پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە و جهختیان لە بەداوادچوون و چاودێریکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان لەسنووری پارێزگاكانى هەرێمى کوردستان كردهوه بۆ پیشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر بە هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان.
دواتر پارێزگارى هەولێر، سەردانى فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانى کرد و لەلایەن ئەندامانى فراکسیۆنەوە بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەداوادچوون و چاودێریکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "دڵنییای دەدەینە هەمو لایەک وەکو پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی شار، بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان لایەنەکان، خۆمان بە پارێزگاری هەموو لایەک دەزانین و هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆشمان خستۆتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییانی شارەکەمان، ئەوەشی لەتواناماندا هەبێت لە خزمەتکردن درێغی لێ ناکەین".
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانى فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریانکرد بۆسەردانەکەی و پلان و بەرنامە و کاری پارێزگای هەولێرشیان لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان بەرز نرخاند.