لەمنزیکانە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) بەیاوەرى شاندێکى باڵا سەردانى هەولێرى پایتەخت دەکات
نیوەڕۆى پێنجشەمە 2022.2.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکونسوڵی گشتى کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى رێککەتنامە (14) خاڵیەکەی نێوان بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمییە) کرا کە دوا بە دوای سەردانى بەڕێز پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستى بەهێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین لەنێوان هەردوولادا واژووکرا، لەوبارەیەوە هەردوولا خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا کە دواى واژووکردنى ئەم ڕێککەوتنامەیە جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنووری بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە و زۆربەى خاڵەکانى کەوتۆتە وارى جێبەجێکردنەوە.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا دواى ئەوەى جەخت لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر کرایەوە، تیشک خرایە سەر سەردانى بەڕێز محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کە وابڕیارە لەمنزیکانەدا بەیاوەرى شاندێکى باڵا سەردانى هەولێرى پایتەخت بکات.