بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
شەوى سێشەممە 2022.2.22، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) و بەئامادەبوونی نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندى باڵای هەردوو پارێزگا لەدیوانى پارێزگاى هەولێر، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و گەیشتن بە ڕێککەوتن دوای واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکارى و هاریکارى نێوانیان و دەرکردنى بڕیار و ڕێکارى دروست بۆ چارەسەرکردنى تەواوى ئەو کەم و کوڕى و کێشە و گرفتانەى هەن، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى خوێندنەوەی تەواوی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەردوولا و خستنەڕووی سەرنجى ئامادەبووان لە پێناو بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆبوونەوە گەیشتە چەند بڕیار و ڕاسپاردایەک کە بڕیارە لەم نزیکانە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا واژووبکرێت.
پاشان پارێزگاری هەولێر و لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە 2021.12.26 لەسەردانمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانمان بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندیەکان و باشترکردن جوڵەی بازرگانی کە بوو بەبنەمایەک بۆئەوەی ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەیەکی دوور و درێژدا بگەین بە ڕەشنووسی ڕێکەوتنێک کە پێکهاتووە لە 16 خاڵ لەنێوان هەردوو پارێزگا بۆ پەرەپێدانی پتری پەیوەندییە کەللتوری و هونەری و ئابووری و بازرگانی و زانستی نێوان زانکۆکانی هەولێر و ئورمیە و باشترکردنی جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و تەمەرچین".