به‌گوژمه‌ى (3 ملیار و 200) ملیۆن دینار، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لەسنوورى قەزایی شەقڵاوە دانرا

به‌گوژمه‌ى (3 ملیار و 200) ملیۆن دینار، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لەسنوورى قەزایی شەقڵاوە دانرا

لەچوارچێوەی گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر، به‌گوژمه‌ى (3,200,000,000) سێ ملیار و دوو سەد ملیۆن دینار، لە سنووری قەزایی شەقڵاوە دەست بە ئەنجامدانی چه‌ند پڕۆژەیەکی قیڕتاوکاردن شەقامە ناوخۆیەەکان و دانانى ئاوەڕۆ و چاککردنى شۆستەى شەقامە سەرەکییەکان کرا، لەم چوارچێوەیەشدا سه‌رله‌به‌یانى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.4.12، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەرى هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتی دیموکراتى کوردستان، له‌ڕێوره‌سمێكدا، به‌گوژمه‌ى (780,204,000) حەفت سەد و هەشتا ملیۆن و دووسەد و چوار هەزار دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ى تەمویلى تایبەتى وەزارەتى شارەوانى، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژەى (دروستکردنى3 دەروازە و 3 دیوارى پاڵپشت بۆ مەزارى مارشمعون و دروستکردنى ئاوەڕۆ لەشەقامى کاوێس ئاغا و قیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى کاوانیان و میراوە و چاککردنى شۆستەى شەقامە سەرەکییەکانى ناو شەقڵاوە(ستەمپ کۆنکریت)) دانرا، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیایى (سەرمایە) جێبه‌جێده‌كرێ و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ش (210) ڕۆژه‌.
له‌ڕێو ره‌سمه‌كه‌دا، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرى پارێزگار و ئیبراهیم شێخەڵا، قائیمقامى قەزایى شەقڵاوە و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى شاره‌وانیەکان و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ له‌ به‌رپرسانی ئیدارى ناوچه‌كه‌ و هاوڵاتییان ئاماده‌ی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر ڕایگەیاند: "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئەمرۆ لەسنوورى قه‌زایى شەقڵاوە دەستمان کردووە بەدانانى بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى بەگوژمەى (3 ملیار و 200 ملیۆن دینار)، بەمشێوەیە (1 ملیار و 500 ملیۆن دینار) بۆ دروستکردنى پارکى هەریر کە لەسەر بودجەى تایبەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دابینکراوە، هەروەها (1 ملیار و 700 ملیۆن دینار)یش بۆ چاککردن و دروستکردنى شەقامە و دەروازە و شەقامە سەرکیەکان کە کۆى گشتى دەکاتە 3 ملیار و 200 ملیۆن دینار".
پارێزگارى هەولێر وتیشى: "لەسەر ڕاسپاردەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە هەمیشە تیمەکانى حکومەت لە پارێزگاکان و وەزارەتەکان ڕادەسپێرێت لەگەیاندنى خزمەتگوزارییە پێویستیەکان بەو جێگە و شوێنانەى پێویست دەکات ئاوڕی زیاتریان لێبدریتەوە، لەئێستاشدا جگە لە ئەنجدامدانى ئەم پڕۆژانە کە لەبەرنامە و پلانى 2021 بوون، وەکو پارێزگاى هەولێر بۆ 2022 لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگا و بودجەى وەزارەتەکان ئامادەکاری و پلانێکى باشمان داڕشتووە، بۆ ئەوەى لەچەند مانگى داهاتوودا دەست بکەین بەئەنجامدانى پڕۆژەى زیاترى خزمەتگوزارى، ئومێد دەکەین بتوانین ئەو جێگە و شوینانەى کە کەمترین دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، خزمەتیان بکەین".