دەرگای سێیەمی بازرگانی لە دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە
دوای واژووکردنی ڕێککەوتنامە (16) خاڵیەکەی نێوان بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران، رۆژی چوارشەممە 2022.4.13، بەئامادەبوونی مسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران و جوهر محمود خضر، بەرێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران و ایرج ئازادی، سەرپەرشتیاری پایانەی مەرزی تەمەرچینی ئێران و محمدیان، بەرێوەبەری گومرگی تەمەرچینی ئێران و بەرپرسانی حکومی هەر دوو دەروازەکە، دەرگای سێیەمی بازارچەی پەیوەست بە کاروباری بازرگانی بۆ هاوردە و هەناردە کردنی کاڵا و کەلوپەلی هەرێمی کوردستان و کەرستە و کەلوپەلی ئێرانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە.
جێگەی باسە، کردنەوەی ئەم دەرگایە، دەبێتە هۆی بەرفراوانی و زیاد بوونی جموجولی بازرگانی و ئاسانکاری زیاتر و خێرایی لە هاتن وچوونی بارهەلگرەکان و کەم کردنەوەی کاتی مانەوەی بارهەلگرەکان لە نۆبەتی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوە، بەتایبەتی ئاسانکارییەکی بە هەناردەی هەرێمی کوردستان بۆ ولاتی ئێران دەکات.