بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، سمینارێكی تایبەت بۆ چیرۆكنووس و نووسەر شێرزاد حەسەن ئەنجامدرا
شەوی شەممە 2022.4.23، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەزانکۆی جیهان لەژێر ناونیشانی ستایشی ئەدەب سمینارێك بۆ چیرۆكنووس و نووسەر شێرزاد حەسەن ئەنجامدرا.
لەسمینارەکەدا کە هەریەک لە فەرهەنگ غەفور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەک لەمامۆستایانی زانکۆ و هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیران ئامادەی بوون،
چیرۆكنووس و نووسەر شێرزاد حەسەن، بەشێوەیەکی گشتی باسی لە قوتابخانە و رێچکە تایبەتیەکانی ئەدەب کرد و تیشکی خستە سەر تێڕوانییە ئەدەبیەکان و شرۆڤەی بیرو بۆچوونی فەیلەسووف و بیرمەندانی کرد، هەروەها بڕوابوونی خۆی بە تێکەڵ بوونی ئەدەب و سیاسەت و فکر لەیەک کاتدا خستە ڕوو و کۆمەڵێک رێچکە و قوتابخانەی جیاوازی لەوبارەیەوە وەک نموونە هێنایەوە، کە رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە داڕشتن و دانانی بنەما ئەدەبییەکان.
جێگەی باسە چیرۆكنووس و نووسەر شێرزاد حەسەن، قەڵەمێكی بەتوانای بواری چیرۆكنووسین و نووسەرێکی بەتوانای شاری هەولێرە و بەرهەمەكانی كتێبخانەی كوردییان پڕ رەنگ كردووە.