بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، لێژنەی ئەمنی پارێزگا کۆبووەوە

بەسەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، لێژنەی ئەمنی پارێزگا کۆبووەوە

پێنجشەمە 2022.4.28، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ئامادەکارى بۆ بەڕێوەچوونى یاریی شەوى شه‌ممه‌ى نێوان یانەى وەرزشى هەولێر و یانەى وەرزشى زاخۆ له‌ خولی نایابی عێراق و داڕشتنى پلانی ئەمنی و رێکارەکان بۆ ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەى لێژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى جەخت کردنەوە لەسەر پاڵپشتیکردنى سەرجەم خاڵەکانى بەیاننامەى یانەى وەرزشى هەولێر، ئامادەکارى تەواو داڕێژرا بۆ شەوى بەڕێوەچوونى یاریی نێوان یانەى وەرزشى هەولێر و یانەى وەرزشى زاخۆ له‌ خولی نایابی عێراق، هەروەها کۆبوونەوە تەئیکدى لەسەر ئەوەکردەوە کە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان شارى خۆشەویستی و میواندۆستیە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەهیچ رەفتارێکى نەخوازراو یان کەسانێک نادرێت بیانەوێت لە نێو یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری ڕه‌فتاری ناوه‌رزشی ئەنجامبدات، هەروەها داوا لە هاندەرانى خۆشەویستى هەردوو یانەى زاخۆ و هەولێر کرا بەوپەڕى گیانى وەرزشیەوە پاڵپشتى یانەکانیان بکەن و ئەنجامى یارییەکەش هەرچیەک بێت (دۆڕان یان بردنەوە) بۆ هەردوو یانە وەک یەک وایە و هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان زاخۆ و هەولێر.
لەتەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ لەڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز و پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەرو ماڵ و گیانى هاوڵاتییان، کۆبوونەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژن کردەوە، داواشى لەهاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى سەرجەم هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆبن.