بە گوژمەى زیاتر لە (60) ملیار دینار، (122) پڕۆژە لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 جێبەجێ دەکرێت

بە گوژمەى زیاتر لە (60) ملیار دینار، (122) پڕۆژە لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 جێبەجێ دەکرێت


ئەمڕۆ سێشەمە 2022.9.6، بەمەبەستی پێشکەشکردنى هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه‌ و ئاسانکارى بۆ پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 و پتر خزمەتکردنى هاوڵاتیان، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و سۆزان ئیبراهیم، نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیران و مەولود سابیر، بەرێوەبەرى گشتیى بانکەکان و محه‌مه‌د عه‌بدولقادر، بەڕێوەبەرى گشتیى ژمێریارى و بەڕێوەبەرى گەنجینەى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان، ڕایگەیاند: "لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەى زیاتر لە (60) ملیار دینار، (122) پڕۆژە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدەدرێت کەبەشى زۆرى ڕێگا وبان و شەقامە و گرنگى زۆریش دراوە بە کەرتى پەروەردە و تەندروستى و تۆڕەکانى ئاو و کارەبا. ئەم پڕۆژانەش بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەی شار لەگەڕەکە هەژارنشینەکان و کۆمەڵگا و ناحییە و قەزا و گوندەکان و ئەو شوێنانە دەستپێدەکەین كه‌ كه‌مترین ده‌ستى خزمه‌تگوزارییان پێگه‌یشتووه‌ یان له‌ڕابردوودا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست خزمه‌تیان بكرێت".

لەکۆتایشدا پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لە ئامادەکارییەکان بۆ دەستکردن بە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشى ڕاسپارد ئەوپەڕى ئاسانکاریی و هاوکاری و پاڵپشتیى پێشکشە بکەن و وەک یەک تیم کاربکەن لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر.