هەولێر …. کونسڵخانەی گشتی کۆماری هیندستان بەرنامەیەکی تایبەتی رێکخست

هەولێر ….  کونسڵخانەی گشتی کۆماری هیندستان بەرنامەیەکی تایبەتی رێکخست

هەولێر ….

کونسڵخانەی گشتی کۆماری هیندستان بەرنامەیەکی تایبەتی رێکخست

ئەمشەو، 5.11.2026 بە ئامادەبوونی فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بالیۆزی هیندستان لە عێراق و کونسلی کونسڵخانەی گشتی کۆماری هیندستان لە هەولێر،و ژمارەیەک لە دبلۆمات و کەسایەتی و کارناس، کونسڵخانەی گشتی کۆماری هیندستان لە هەولێر چالاکییەکی تایبەتیی ڕێکخست، بە مەبەستی ناساندن و ڕوونکردنەوەی بەرنامەی هاوکاریی تەکنیکی و ئابووریی هیندستان (ITEC)، کە یەکێکە لە بەرنامە گرنگەکانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش.

بەرنامەی (ITEC) لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن حکومەتی کۆماری هیندستانەوە دامەزراوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە چاودێری دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حکومی، گواستنەوەی شارەزایی و ئەزموونی تەکنیکی و کارگێڕی، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی و ئابوورییە.

بەپێی ئەم بەرنامەیە، خول و بەرنامەی ڕاهێنان و خوێندنی تایبەتمەند لە هیندستان پێشکەش بە کارمەندان و نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتانی هاوبەش دەکرێت. ئەم خولانەش بوارە جیاوازەکانی وەک دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبردنی گشتی و سەرکردایەتی، تەکنەلۆژیای زانیاری و زیرەکی دەستکرد، ئابووری و دارایی، ئاسایشی سایبەری، میدیا و ڕۆژنامەوانی، وزە و گەشەپێدانی بەردەوام دەگرێتەوە.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کونسڵخانەی هیندستان بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری هیندستان بەڕێوەچوو.