ئەمڕۆ شەممە 10ی ئەیلوولی 2022

ئەمڕۆ شەممە 10ی ئەیلوولی 2022

، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداریی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی کرد و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

* پزیشكیی پیشە و ئەركێكی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە كە پێویستە بەر لە هەر شتێک ئامانجەكەی ڕزگاركردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت.
* هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەر شتێك لایەنە مرۆییەكەی پیشەكەتان لەبەر چاو بێت.
* بێگومان لەگەڵ دەرچوونتان لە زانکۆ، قۆناغێكی ژیانتان كۆتایی دێت، بەڵام فێربوون كۆتایی نایەت، چونكە فێربوون پرۆسەیەكی بەردەوامە لە ژیانی مرۆڤ و مرۆڤ لە ژیانیدا پێویستە بەردەوام بێت لە هەوڵی گەڕان بە دوای زانست و زانیاری و فێربووندا.
* بواری پزیشكی و تەندروستی وەک زۆر بواری دیكە، لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە، بۆیە دەبێ ئێوەش هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێوچاندا بن لەپێناو بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەكادیمیی زانكۆ و دامەزراوە پەروەردەییەكانمان، دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵامان پەسەند كرد.

* یەكێک لە لایەنە گرنگەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازیكردنە لە لایەنی تەندروستی و باشتركردنی كوالێتیی نەخۆشخانەكان و چاكسازیكردنە لە هاوردەكردن و پشكنین و چاودێریكردنی داوودەرمان.
* دەستمان بە چەند هەنگاوێك كردووە كە هیوادارم بە هاوكاریكردنی هەموو لایەک، بەتایبەتی پسپۆڕانی ئەم بوارە، لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، بتوانین كەرتی تەندروستی لە كوردستان بە ئاستێک باش بكەین كە ببێتە نموونە لە ناوچەكەدا.
* باشتركردن و پێشخستنی كەرتی تەندروستی تەنها ئەركی حكومەت نییە، بەڵكو پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاری و پشتیوانیكردنی پزیشكان و كۆمەڵگە بەگشتی هەیە.

* ئومێدێكی زۆرم بە گەنجە دەرچووەكانی خۆمان هەیە كە دەتوانن ڕۆڵێكی كاریگەر لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان ببینن.
* من بەردەوام دەبم لە پشتیوانیكردنی ئێوە، پشتیوانی لە پرۆژە و بیرۆكەی داهێنەرانەتان دەكەم، دڵنیاشم ئێوە توانا و بیرۆكەیەكی زۆرتان هەیە بۆ پێشخستنی كوردستان.
* پێویستە هەموومان سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابنەوێنین، سوپاسی ماندووبوون و زەحمەت و شەونخوونیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی خۆمان بكەین كە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخساندووە.