پارێزگارى هەولێر، دواى بەکۆتاهاتنى قیڕتاوکردنى، گەڕەکى پێشمەرگەى لەقەزایی پیرمام بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەى (830 ملیون دینار) لەگەڵ هەردوو گەڕەکى فەریقاوە 1 و 2 دەست بەجێبەجێکردنى کراوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.9.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و قائیمقامى قەزایی پیرمام و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى قەزاکە، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتى ئەنجامدانى کارەکان، دواى تەواوبوونى پڕۆژەى دروستکردن و کردنەوەى شەقام و قیڕتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى، گەڕەکى پێشمەرگەى لەقەزایی پیرمام بەسەرکردەوە، کە لەگەڵ هەردوو گەڕەکى فەریقاوە 1 و فەریقاوە 2، بەگوژمەى (830 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و لەڕێگەى بەڵێدەرایەتى، دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "دواى بوونى ناحییە پیرمام بەقەزا یەکێک لەبەرنامەکانى حکومەت بە پشتیوانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەبووە گرنگى زیاتر و خزمەتگوزارى باشتر پێشکەش بە سنوورى ئەم قەزایە بکرێت، لەماوەى چەند مانگە ڕابردووشدا چەندین پڕۆژەى دیکەى خزمەتگوزارمان لەمسنوورە جێبەجێکردووە، بۆ ئەو ماوەیەشى کە لەبەردەستمان ماوە بۆکارکردن بەدڵنیاییەوە گرنگى زیاتر بە سنوورى ئەم قەزاییە دەدرێت".
پارێزگارى هەولێر گوتیشى: "دڵنیایی هاوڵاتیانى خۆشەویستى سنوورى پارێزگاکەمان دەکەینەوە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر هەموو ئەو شوینانەى کەماون و دەستى خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، لەسەربودجەى پەرەپێدان و بودجەى سەربار و هەموو ئەو بودجانەى لەبەردەستدان، دەستى خزمەتگوزارى و ئاوەدانیان بەبێ جیاوازى و بە شێوەیەکى یەکسان پێدەگەێنین، ئێمە لە خواست و داواکارى ڕەواى هاوڵاتییانى خۆمان دەگەین بۆ گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەومەبەستەش لەپارێزگاى هەولێر و بەپاڵپشتى حکومەتى هەرێم و لەسەر ڕێنمایى جەنابى سەرۆک وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانى، زیاتر تەرکیزمان خستۆتە سەر ئەو گوند و قەزا و ناحییە و جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە، پشتیوان بەخودا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست ئامانجان ئەوەیە لەکەمترین ماوەدا پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى وەک (قیڕتاوکردنى شەقام، دروستکردنى قوتابخانە، دروستکردنى بنکەى تەندروستى، گەیاندنى تۆڕى کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ) بگەێنین".
پاشان پارێزگارى هەولێر، لەگەڵ شاندى یاوەرى، چەند گەڕەک و شوێنێکى ترى ناوەندى قەزاکەى بەسەرکردەوە کە پێویستیان بە گەیاندنى خزمەتگوزارى هەیە.