سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ناوچەی سۆران لە رووی گەشتوگوزارەوە ناوچەیەکی سەرنج راکێشە و لە داهاتوودا وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەمان هەیە گرنگی زیاتری پێبدەن ....
بە ئامادەبوونی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دووسایدی سپیلک-خەلیفان دانرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئەیلوول،2022 بە ئامادەبوونی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی رێگای دووسایدی سپیلک-خەلیفان دانرا.
رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفان، رایگەیاند: "خۆم زۆر بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لێرە جارێکی تر ئامادەین بۆ ئەوەی بەشداری بکەین لە دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی شەقامی سەرەکی و ستراتیژی خەلیفان – سپیلک، کە بەشێکە لەو بەرنامانەی حکومەتی هەرێم بۆ دروستکردنی رێگاوبان لە هەموو هەرێمی کوردستان، جێی خۆیەتی لێرە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەم بۆ ساڵیادی دامەزراندن و ئەو بڕیارەی دامان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرەکان، خەڵکی دەڤەری سۆران، لە خۆمان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "دیارە دەستکەوتەکانی ئەم دەڤەرە لەماوەی ساڵی رابردوو بەرچاون، هیوادارم دەستکەوتی زیاتریش لە ساڵانی داهاتوو بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە بێنەدی، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیان دەکەین".
بەرێز مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، رایگەیاند: "دەستخۆشی لە کۆمپانیای کاڤین گرووپ دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، کە پێشتریش چەندین پڕۆژەی زۆر باش و ستراتیژیان بە کوالیتی باش و بەرز جێبەجێکردووە، ئێستاش دەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە بە کوالیتی باش کە بگونجێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ بکرێت، لێرە داوا لە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە دەکەم رەچاوی ئەوە بکەن، ئەو شوێنە قەدەغە کراوانەی لە کەناری شەقامەکان هەن، زێدەڕۆییان نەکرێتە سەر ئەمە بۆ سەلامەتی خۆتان باشترە، هەروەها بۆ جوانی و سرووشتی شارەکە و وڵاتەکەشمان باشترە، هیوادارم ئەمە لەبەرچاو بگیرێت و فەرمانبەرانی حکومەتیش بەدواداچوون بکەن، وەکچۆن لە رێنماییەکاندا هاتوون بەوشێوەیە پارێزراوبن".
سەرۆکی حکومەت، داواشی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شوفێران کرد، کە هاتووچۆ بە شەقامەکان بەتایبەتی دووسایدەکان دەکەن، رێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاوبگرن. راشیگەیاند: "لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گرنگیەکی زۆرمان بە دروستکردنی رێگاوبان داوە وەک ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، لە هەموو ناوچەکان ئەم جۆرە پڕۆژانەمان جێبەجێکردووە و بەرنامەشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتر، هەر لەم دەڤەرە چەندین پڕۆژەی دیکەمان هەیە بۆ سیدەکان (برادۆست) و ناوچەی بارزان و قەزای مێرگەسۆر، هەروەها بۆ بە جووسایدکردنی رێگای هامڵتۆن، ئەمانە هەموو بەرنامەن قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێن".
بەرێز مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی زۆر تایبەتە لەوەی چ لەکاتی بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان قوربانی زۆریداوە، چ لە رووی جوانی سرووشتی خۆی ناوچەیەکی زۆر دڵگیر و سەرنج راکێشە، لەبەر ئەوەش بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی لە رووی گەشتوگوازییەوە گرنگی زیاتر بەو ناوچەیە بدەین، بۆ ئەوەی لەو رووەوە بکرێت بە ناوچەیەکی سەرنج راکێشتر و گەشتیاران لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەش بێن سەردانی ئەم ناوچەیە بکەن".
هیواشی خواست پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفان، لەکاتی خۆی و زووتریش جێبەجێ بکرێت و گوتی: "هەنگاو بۆ پڕۆژەی دیکە دەهاوێژین".
پڕۆژەی دیزاینکردن و جووتسایدکردنی رێگای سپیلک خەلیفان بە درێژایی 8.5 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە پاڵپشتی سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیران بە کۆژمەی 64 ملیار و 234 ملیۆن و 265 هەزار دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە چەند ئەندەر پاس و یو تێرن لە خۆدەگرێت. ئەندەرپاسی یەکەم لەسەر رێگای بارزان- سپیلک - خەلیفان دروستدەکرێت.
دووسایدەکە دوو لێنی تایبەت دەبێت بە هاتن و دوو لێنیش بۆ چۆن دەبێت، و زیاتر لە 3.5 کیلۆمەتر فری لێن و 8.5 کیلۆمەتر جووتساید لە خۆدەگرێت.
ئەو رێگایە بە باشترین شێوە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن کاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت.
دروستکردنی ئەم رێگایە هاتووچۆی نێوان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچەکانی دیکە ئاسانتر دەکات، روڵێکی گرنگی دەبێت لە نەهێشتنی قەرەباڵغی لەسەر رێگاکە، هەروەها رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنی رووداوەکانی هاتووچۆ دەبێت، کە ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ بەهۆی قەرەباڵغی و یەک سایدی رێگاکەوە روودەدەن. ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 600 رۆژە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار بە بەکارهێنانی توانا و ئامێرە پێشکەوتووەکانی لە ماوەیەکی زۆر کورتردا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات. پڕۆژەی دووسایدی سپیلک – خەلیفا، بە ئەندەرپاسی دۆڵی ئالانە – خەلیفان - سپیلک کۆتایی دێت.