لەژێر چاودێرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆنفرانسێک لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لافاو لە هەولێر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ شەممە 2022.9.17، لەژێر چاودێرى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتى پارێزگاى هەولێر و بە ئامادەبوونی ساسان عەوانی، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خشناو، پارێزگاری هەولێر و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکی دەستە و فەرمانگەکانی ئەنجومەنی وەزیران، کونسوڵ، نوێنەرى وڵاتان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناحکومیەکان، دەزگا خێرخوازییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، چەندین پسپۆڕ و شارەزایانى تایبەت بەم پرسە و مامۆستایانى زانکۆ، کۆنفرانسی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ لافاوی هەولێر لە هۆڵى سەعد عەبدوڵڵا لەهەولێر دەستیپێکرد.
لەوبارەیەشەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە گوتاری دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا وێڕای ئەوەی ئاماژەی بەئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکەدا کەبابەتی کۆنفرانسەکە دەکرێت بە ڕاسپاردە و پێشکەش بە حکومەتی هەرێم دەکرێت، ڕایگەیاند: "ئەو کۆنفرانسە دوو رۆژ دەخاینێت و ئەمڕۆ و بەیانی بەردەوام دەبێت، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لەپلان و بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی لافاو و چۆنیەتی ئیدارەدانی لافاو، تەکنیکییەکانی عەمبارکردنی ئاوی لافاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، رێکخستنی رێڕەوی ئاو لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئاوی سەر خاک لەکاتی بارانبارینی زۆر".
گوتیشی: "ئومێد دەکەین دەرەنجامی ئەم کۆنفرانسە، کاریگەری باشی هەبێت، بۆ كهمكردنهوهى كاریگهرى لافاو و زیانەکانی لەسەر شاری هەولێر".
پاشان ساسان عەونى، نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گوتارێكی پێشكەشكرد و بەناوی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەخێرهاتنی میوانانى کرد و سوپاسی لیژنەی ڕێكخەری كۆنفرانسەكە و مامۆستایانی بەشداربووی كرد و ئومێدى خواست بتوانن لە ڕێی پێشکەشکردنى ڵێكۆڵینەوە زانستییەكانەوە هاوكاری حكوومەت بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و پێشكەشكردنی پێشنیازی زانستی لە سەرجەم بوارەكاندا.
جێگەی باسە، دوای روودانی لافاوەکەی ساڵی رابردوو لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لیژنەیەک پێکهێنرا، بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو بکۆڵنەوە و چارەسەری بابەتەکە بخرێتەڕوو، خاڵێکی فەرمانەکە بەستنی کۆنفرانسێک بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمڕۆش لەهەولێری پایتەخت کۆفرانسەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، کە دوو ڕۆژ دەخاینێ و بەبەشداری پسپۆر و مامۆستانی زانکۆ کە شارەزان لەو بابەتە، تاوتوێی پرسەکانی پەیوەست بەلافاوی هەولێر دەکرێت.