لە %95ی کارەکانى بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتریی خێراى هەولێر تەواو بووە
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2022.9.19، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگادار بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری، ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانەنیەکان، پڕۆژەى دروستکردنى بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری خێراى هەولێریان بەسەرکردەوە.
کارکردن لە بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر بەردەوامە و تەواوبوونی کارەکانی شەقامەکە گەیشتووەتە 93٪ و وابڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵیش ئەم بەشەی پڕۆژەکە بە رووی شۆفێران و هاوڵاتیان بکرێتەوە، دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکار و تیمەکانى ترى پڕۆژەکە کە دڵسۆزانە کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، هیوای خواست لەماوەی دیاری کراودا کارەکانی بەشی دووەمی شەقامى 150مەترى خێراى هەولێر کۆتایی بێت.
بەشی دووەمی شەقامی 150 مەتری بە درێژی 7٫6کم کە دەکەوێتە نێوان شەقامی سەرەکی شەقڵاوە تاکو شەقامی کۆیە و لە ئێستاشدا 95٪ کارەکانی تەواو کراوە، کارکردن لەوبەشەى شەقامەکە بەردەوامە و وابڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی ئەوبەشەى پڕۆژەکە بەکۆتا بێت و بەڕووی شۆفێران و هاوڵاتیاندا بکرێتەوە.