بەگوژمەی زیاتر لە(1 ملیار و 720 ملیۆن دینار) پرۆژەی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستی دەستیپێكرد

بەگوژمەی زیاتر لە(1 ملیار و 720 ملیۆن دینار) پرۆژەی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستی دەستیپێكرد


ئەمڕۆ شەممە 2022.9.24، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکە، هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لەئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پرۆژەی قیڕتاوكردنى شەقامە ناوخۆییەکان و ئاوەڕۆی گەڕەكی ئاسوودە ستیان بەسەرکردەوە کە بەگوژمەی (1 ملیار و 720 ملیۆن و 850 هەزار دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023، بە شێوەی بەڵێندەرایەتی دەستیپێکردووە و ماوەی تەواوکردنى پڕۆژەکەش(180) ڕۆژە.

پڕۆژەکە چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، لەوانە دروستکردنى ئاوەرۆی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئاسوودە ستی و دروستکردن و قیڕتاوکردنی 21 شەقام بە درێژیی 4575 مەتر، لەپڕۆژەکەدا جگە لە کاری خۆڵکاری کە ئێستا کاری لێدەکرێت، چینی یەکەمی تێکەڵە و کیربستۆن و چینی دووەمی تێکەڵە و قیڕتاوکردن بە چینی ستبلایزەر بە ڕووبەری 38700 مەترە دەستپێدەکات، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئاوەڕۆ بە درێژیی 4560 مەتر، بەتەواوبوونى پڕۆژەکە كاریگەری زۆرى دەبێت لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو گەڕەكە.

هەریەک لە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی جێبەحێكردنی پرۆژەكە كرد، داوایان لە تیمەكانی شارەوانی كرد كە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا هەوڵەکانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ خێرا تەواوکردنى پڕۆژەکە، هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكیان لەپێناو خزمەتكردنی گەڕەكەكە و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەربڕی، هاوكات لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی گەڕەكەكەش گفتوگۆیان كرد و بەدواداچوونیان بۆ كێشە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە كرد.