پارێزگارى هەولێر: "لەبەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەرخەمییەک، کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو، بەڕێوەبەرى فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەریەکهو بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى، ڕووبەڕووى لێپرسینەوە و ئیجرائات دەبێت"
سهرلهبەیانى ئەمڕۆ یەکشهممە 2022.10.2، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانی پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەپێناو کەمکردنەوەى مهترسى ڕوودان و زیانەکان و ڕێگەگرتن لەدروستبوونى لافاو و چارەسەری هۆکارەکانى دروستبوونى ئەنجامدرا.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بەدواداچوونى بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرد کە لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەى مەترسیەکانى ڕوودانى لافاو و زیانەکانى و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى دروست بوونى گیراوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە ڕایگەیاند: " دواى ئهو هەموو هەوڵ و کارەکانەى کە لەماوەى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارین لەپێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى گیراوەتەبەر، لەبەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەر خەمییەک و حاڵەتێکى نەخوازراو کە ڕووبدات و ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو، بەڕێوەبەرى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنه پەیوەندیدارەکان هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسە و بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووى لێپرسینەوە و ئیجرائات دەبێت".
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لەبارەى بەردەوامیدان بەپڕۆسەى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان کرا کە دەبنە هۆى کۆبوونەوەى ئاو و مەترسى دروستبوونى لافاو، تیشک خرایە سەر ڕێگریکردن لە فرێدانى پاشماوەى بیناسازیی بەگشتیى لەهەموو شوینێک تەنها لەو شوینە نەبێت کە لەلایەن شارەوانییەکانەوە دیاریکراوە.
لەکۆتای کۆبوونەوەکەشدا جگە لەدووبارە تەئکید کردنەوە لە لادانى زێدەڕۆیی و هەموو ئەو سەرپێچیانە کراوەتە سەر ڕێرەوە ئاویەکان، پارێزگارى هەولێر بریاریدا لەپێناو دوورخستنەوەی مەترسییەکانى لافاو، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ وەرزى بارانبارین و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى بۆ دروستبوونى لافاو.
لهكۆبوونهوهكهدا، هەریەک لە قائیمقامەکانى قەزاکانى (ناوەند، دەشتیى هەولێر، عەنکاوە، پیرمام، خەبات، شەقڵاوە بەوەکالەت)، سەرۆکى شارەوانى، بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرى هاتووچۆ، بەڕێوەبەرى گشتیى کارەبا، بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرى چاککردنەوەى ڕێگاو بانى هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆکان، بەڕێوەبەرى ئاودێرى، بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگا ئامادە بوون.