بەگوژمەی زیاتر لە (2 ملیار دینار) بەردی بناغەی پرۆژەى دروستكردنى سایدى دووەمى شەقامى سەرەكى بازاڕ و سەنتەرى لاوان له بنەسڵاوە دانرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.10.3، لەژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و جوان فەتحوڵڵا، قائیمقامى قەزایی دەشتى هەولێر و سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و ژمارەیەکى دیکە لەئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، بەردی بناغەی پرۆژەى نۆژنكردنەوە و دروستكردنى سایدى دووەمى شەقامى سەرەكى بازاڕ و سەنتەرى لاوان له بنەسڵاوە بەگوژمەى (2 ملیار و 343 ملیۆن و 350 هەزار دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر دانرا، کە بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت و ماوەی تەواوکردنى پڕۆژەکەش(420) ڕۆژە.
پرۆژەى نۆژنكردنەوە و دروستكردنى سایدى دووەمى شەقامى سەرەكى بازاڕ و سەنتەرى لاوان له بنەسڵاوە کە درێژیەکەى (2600)مەتر و قيرتاوكرنەکەى (35,000م2)یە و ئاورۆى لولەيى تيرەى جياوازى (4,750) مەتر درێژییەكەیەتى، یەکێكە لە پرۆژە گرنگەکان و گرفتی شەقام و هاتووچۆیى هاوڵاتییان لەو شوێنە چارەسەر دەكات، هەروەها بەتەواوبوونى پڕۆژەکە دەبێتە هۆی ئاسانكارییەكی زۆر باش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و هاوڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.
لەبارەى پڕۆژەکەش پارێزگارى هەولێر وێڕایى پیرۆزبایی لەهاوڵاتییانى ناوچەکە ڕایگەیاند: "لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى ئاوڕدانەوە لەو گەڕەک و شوێنانەى کە کەمترین دەست خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین، ئامانجان ئەوەیە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین بە هەموو ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە و کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە".