لە سنوورى قەزایی دەشتى هەولێر، بەگوژمەى زیاتر لە 11 ملیار دینار چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزاریى جێبەجێدەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.10.3، لە ڕێورەسمى دانانى بەردى بناغەى چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزاریى لە سنوورى قەزایی دەشتى هەولێر، بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەسنوورى قەزایی دەشتى هەولێر بەخۆشحاڵییەوە ئێستا پڕۆژەکانى پەرەپیدانى پارێزگاى هەولێر بەشێکیان دەستى پێکردووە و بەشێکى تریشیان دەستیپێدەکات، کە کۆى بوجەى تەرخانکراو بۆ ئەنجامدانى ئەو پڕۆژانەش زیاتر لە (10 ملیار دینارە) لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و چەند پڕۆژەیەکیش لەسەر داهاتى 15% شارەوانییەکانە".
پارێزگارى هەولێر ئاشکراشى کرد، ئەوە جگە لەوەى لە هاوینى پارساڵ تاکو ئەمڕۆ بۆ دابینکردنى ئاوى پاکى ماڵان و ڕووبەڕووبوونەوەى ووشکەساڵى، (22) بیرى ئاو لە سنوورى قەزاكە بەگوژمەى (1 ملیار و 200 ملیۆن دینار) لێدراوە کە بەشیکى زۆری بیرەکان تەواو بوونە و کەوتۆتە خزمەت هاوڵاتییان.
پارێزگارى هەولێر لەبارەى بوجەى تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانیش گوتى: "ئەو (11 ملیار دینارە)ى كە لە سنوورى قەزایی دەشتى هەولێر بە هەموو ناحیەکانییەوە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە، بەشێکە لەو خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگانەى کە لە سنوورى قەزاکە جێبەجێدەکرێت".
لەکۆتایشدا پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "جارێکى دیکە تەئکید دەکەینەوە بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو شوێنانەیە کە پێویست دەکات زیاتر ئاوڕیان لێبدرێتەوە و دەستى خزمەتگوزارى و ئاوەدانیان پێبگات، هەمیشەش ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایسپاردووین ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریان پێبگات و خزمەتى زیاتر و باشتریان پێشکەش بکرێت، قەزایی دەشتى هەولێریش لە ڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە و لەڕووى جوگرافیەوە ئەو شوێنە گرنگەیە کە لەبەرنامە و پلانەکانمان بە بەردەوامى گرنگى پێدراوە و پێدەدرێت، بەهیواى ئەوەى ئەنجامدانى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەش ببێتە مایەى ڕەزامەندیى ئەو خەڵکەى کە شایەنى خزمەتکردنى زیاترن".