پارێزگارى هەولێر: "لەپێناو خزمەتکردنى زیاتر عەنکاوە، جەنابی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان مژدەی بوون بە قەزایی بەخەڵکى شارى عەنکاوەدا"

پارێزگارى هەولێر:



ئەمشەو سێشەممە 2022.10.4، بەئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆک بارزانى و نوینەرى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسى لقى2ى پارتى و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و بەپرسانى دیكه‌ى حزبى و حکومى و مەتران و پیاوانى ئاینى مەسیحى، لە ناوەندى قەزایی عەنکاوە، ڕێورەسمێکى تایبەت بە یادى یەکەمین ساڵەى بە قەزابوونى عەنکاوە بەڕێوەچوو.

لەرێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لەدانیشتوانى عەنکاوە بەبۆنەى یەکەمین ساڵیادى بڕیارى بەقەزابوونى عەنکاوە، ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگاى هەولێر زۆر خۆشحاڵین بە بڕیارى بەقەزابوونى عەنکاوە، کە ئامانج تێدا خزمەتکردنى زیاترى عەنکاوە و ڕێزگرتنە لەوشارە مێژوویە و جوانەى کە ئێمە وەکو پارێزگاى هەولێر شانازى بەوە دەکەین عەنکاوە لەشارى هەولێرە".

پارێزگارى هەولێر گوتیشى: "لەدواى ڕاپەڕین و ئازادى خەڵکى کوردستان و دامەزراندنى پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، عەنکاوە بە بەردەوامى ئەو شوێنە ئارامە و مێژوویى و ماییەى شانازیی بووە کە کابینە یەک لە دواى یەکەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەتمەندى و گرنگى عەنکاوەیان لەبەرچاووگرتووە و هه‌میشه‌ ویستى ئەوە هەبووە کە خزمەتى زیاترى پێشکەش بکرێت، لەو ڕووەشەوە خەڵکى عەنکاوە شاهێدى هەموو ئەو پێشکەوتن و گەشەسەندنەنانەى کە لە دواى ڕاپەڕینین چ خزمەتێک پێشکەش بە عەنکاوە کراوە".

پارێزگارى هەولێر لەبارەى بڕیارى بوون بە قەزایی عەنکاوەش ڕایگەیاند: "ڕاستە پێشتر لەلایەن خەڵکى عەنکاوە و خەمخۆرانى ئەو شارە داوا و داخوازى هەبوو بۆ ئەوەى خزمەتى زیاترى ئەم شارە بکرێت، بەڵام بیرۆکەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو کە خۆى سەردانى ناحییەى عەنکاوەى کرد و لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى جەنابیان مژدەی بوون بە قەزایی عەنکاوەى بەخەڵکى شارى عەنکاوەدا و لەماوەیەکى کورتدا ڕێکارە ئیدارى و یاساییەکان لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە گیرایە بەر و ئێستا بەشانازییەوە لە ئیدارەى پارێزگا و قائیمقامیەتى ئەو قەزایە و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەخزمەتی خەڵک و خاکەکەیداین".

لەبارەى گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ عەنکاوە، پارێزگارى هەولێر ئاشکراى کرد لەپلان و بەرنامەکانمان لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر لەچەند ڕۆژى داهاتوودا بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم شارە دەستپێدەکات و ڕەچاووى تایبەتمەندى عەنکاوە کراوە.

جێگەى باسە، ڕۆژى 2021.10.4، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان، سەردانی ناحیەی عەنکاوەی لە شاری هەولێر کرد و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرى ڕاسپارد بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێتە قەزا.