بە گوژمەی زیاتر لە (240 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی پرۆژەى قیرتاوکردنی چەند شەقامێک لە گوندى سێبەردان دانرا
بە گوژمەی زیاتر لە (240 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی پرۆژەى قیرتاوکردنی چەند شەقامێک لە گوندى سێبەردان دانرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.10.5، لەژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى3 و ژمارەیەکى دیکە لەئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، بەردى بناغەى قۆناغی دووەمى پڕۆژەى قیرتاوکردنی 23 شەقام لە گوندی سێبەردان بەگوژمەى (240 ملیۆن و 350 هەزار دینار) لەسەر بودجەی 15% داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى دانرا، کە بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت و ماوەی تەواوکردنى پڕۆژەکەش(75) ڕۆژە.
لەبارەى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گوندى سێبەردان بە بۆنەى ئەنجامدانى پڕۆژەکە، ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە قۆناغى دووەمە، لە قۆناغى یەکەمدا چەندین کۆڵانى ترى سێبەردان قیڕتاوکران و لەماوەیەکى تریشدا قۆناغى سێیەم و کۆتایی دەسپێدەکات، بەتەواوبوونى قۆناغی سێیەم هیچ کۆڵان و شەقاێک نامێنێت لەسێبەردان قیرتاونەکرابێت".
گوتیشى: "هەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى چى ئەوانەى لەسەر بودجەى سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان جێبەجێدەکرێن یان ئەوانەى لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدەدرێن مەبەست لێى خزمەتکردنى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمانە".
پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان، لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى ئاوڕدانەوە لەو گەڕەک و شوێنانەى کە کەمترین دەست خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، سەرجەم پڕۆژەکانمان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین، ئامانجانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین بە هەموو ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە و کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە".