بەئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت، کۆنفرانسی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، ڕێورەسمی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە چوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادیی و دیموکراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیری و جیاکاری ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.