لەهەولێر، یادى یۆبیلى زێڕینى 50 ساڵەى دامەزراندنى کۆمەڵەى هونەر و وێژەى کوردى کرایەوە
ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە 2022.10.17، بەئامادەبوونى د.پشتیوان سادق، نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و مەلا مستەفا مسعود بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندان و ژمارەیەکى تر لە شانۆکار و هونەرمەندان و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران، لەهۆڵى پێشەواى هەولێرى پایتەخت، ڕێورەسمى یادى یۆبیلى زێڕینى 50 ساڵەى دامەزراندنى کۆمەڵەى هونەر و وێژەى کوردى بەڕێوەچوو.
لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەگوتارێکدا، وێڕاى پیرۆزبایی لەسەرۆک و ئەندامان و هونەرمەندانى شارى هەولێر، پشتیوانی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر و وێژەى کوردى دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بەشانازییەکى زۆرەوە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لەهەولێرى هەمیشە سەربەرز، یادى یۆبیلى زێڕینى یەکێک لە شانازییەکانى شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دەکەینەوە کە لەتەمەنى پەنجا ساڵەى دامەزراندنیدا وەک دامەزراوەیەک و فێرگەیەک هەمیشە شوێنى کۆکردنەوەى هەموو ئەو مرۆڤە بەهەڵوێست و نیشتمان پەروانەى كه به هونەر و قەڵەمەکەیان خزمەتێکى زۆرى نیشتمانى نەتەوەکەیان کردووە".
پاشان لەلایەن هەریەک لە نوێنەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و مەلامستەفا مسعود بارزانی و پارێزگارى هەولێر و نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندان و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندا، خەڵاتى زێڕینى کۆمەڵە و قەڵغانى کۆمەڵە لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبوون و خزمەتکردنى هونەرى پێشکەش بە ژمارەیەک لە هونەرمەندان کرا.