لیژنەى دەستە خوشکى هەولێر لەگەڵ شارەکانى ترى جیهان، یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجامدا

لیژنەى دەستە خوشکى هەولێر لەگەڵ شارەکانى ترى جیهان، یەکەم کۆبوونەوەى خۆى ئەنجامدا


دواى ئەوەى لەسەر فەرمانى پارێزگارى هەولێر، لیژنەیەک بۆ تاوتوێکردن و ئامادەکارییەکانى دەستە خوشکى هەولێر لەگەڵ شارەکانى ترى جیهان بەسەرۆکایەتى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و ئەندامیەتى لایەنى پەیوەندیدار پێکهێنرا، ئەمڕۆ پێنج شەممە 2022.10.20، لەدیوانى پارێزگا، بەسەرپەرشتى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى لیژنەکە و ئامادەبوونى سەرجەم ئەندامانى، لیژنەى ناوبرا یەکەمین کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى دیراسەکردنى چۆنیەتى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەگەڵ شارەکانى جیهان کرا بەتایبەتى ئەو شارانەى کە ژمارەیەکى زۆرى ڕەوەندى کوردستانى تێدا دەژین، تیشک خرایە سەر سەردانى شاندى باڵاى پارێزگاى هەولێر بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر بۆ شارى ناشڤیل لە ویلایەتى تێنیسى ئەمریکا، کە لە ناوەڕاستى مانگى ئایارى ئەم ساڵ ئەنجامیاندا و لەگەڵ بۆردى دەستە خوشکى شارەکە و بەرپرسانى باڵاى ولایەتەکە کۆبوونەوە و سەردانەکە سەردانێکى سەرکەوتوو بوو و دەرەنجامى زۆر باش و گرنگى لێکەوتەوە. هەروەها باس لە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە شاندى باڵاى شارى ناشڤیل کرا، کە واچاوەڕوان دەکرێت بۆ زیاتر ئاشانابوون بە پایتەختى هەرێمى کوردستان و گەیشتن بەڕێککەوتنامە و لێکتێگەیشتنى دەستە خوشکى لەگەڵ هەولێر لە بەهارى ساڵى داهاتوو سەردانى هەولێر بکەن.

لە کۆتایشدا جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەولێر پایتەخت و شارەکانى ترى جیهان کرایەوە لە بوارەکانی کەلتوورى، فەرهەنگى، بازرگانی و وەبەرهێنان و دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان و سوود وه‌رگرتن لە ئه‌زموونی وڵاتان بۆ زیاتر پێشخستنى هه‌ولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.