پارێزگارى هەولێر، پرۆژەی دروستکردنی قاوه‌خانه‌ى ئافره‌تانى خانەنشینى بەسەرکردەوە
پارێزگارى هەولێر، پرۆژەی دروستکردنی قاوه‌خانه‌ى ئافره‌تانى خانەنشینى بەسەرکردەوە
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شەممە 2022.11.19، ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندى و جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەبەری شارەوای یەک، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی (قاوه‌خانه‌ى ئافره‌تان)ی له‌سەنتەری خانەنشینى هەولێر بەسەرکردەوە کە بەگوژمەى (98) ملیۆن دینار لە باخی شاری هەولێر دەست بەدروستکرنى کراوە.
پارێزگارى هەولێر لەبەسەرکردنەوەکەیدا، لەنزیکەوە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆڵییەوە و دڵنییای دایە سەرۆكی سەنتەرى خانەنشینى هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، وەک پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتانین و هەموو هەوڵەکانی خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کارەکانى پڕۆژەی (قاوه‌خانه‌ى ئافره‌تان) جێبەجێبکرێت و لەمنزیکانە بکرێتەوە.
پاشان پارێزگارى هەولێر، سەردانى نێو سەنتەرى خانەنشینانى هەولێرى کرد و لەنزیکە لەگەڵ ئه‌و مرۆڤە بەڕێزانەی کە له‌ڕابردوودا هه‌ریه‌ك له بواره‌كه‌ى خۆیدا به‌شێكى زۆرى ته‌مه‌نى پێشكه‌ش به خزمه‌تكردنى شارى هه‌ولێر و كوردستان كردووه گفتوگۆى کرد و گوێى لەداوا و خواستەکانى گرتن و ڕایگەیاند: "ئێوە کەس و کارى ئێمەن و ئێمەش قەرزارى ئێوەین، ئێوە ئه‌و مرۆڤه بەڕێز و گه‌ورانه‌ن كه خزمه‌تێكى زۆرتان پێشكه‌ش كردووه و شایه‌نى ئه‌وه‌ن وه‌كو ئیداره‌ى هه‌ولێر چى پێویستە بۆ خزمه‌تکردنتان پێشكه‌شى بكه‌ین".
جێگەى باسە، دروستکردنی (قاوه‌خانه‌ى ئافره‌تان) له‌سەنتەری خانەنشینى هەولێر لە کاتێکدایە کەتاکو ئێستا تەنیا پیاوانی خانەنشین مافی ئەندامیەتی یان هەیە لەوسەنتەرە و دەتوانن سەردانی سەنتەرەکە بکەن، بەڵام بەتەواوبوونى ئەم پڕۆژەیە ئافرەتانیش دەتوانن فۆرمی ئەندامێتی پڕ بكەنەوە و بەشی خانمانی خانەنشین لە سەنتەرەكه دەكرێتەوە و بەشێكی تایبەت دەكرێت بە ئافرەتانی خانەنشین.