ڕاگەیندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە
ڕاگەیندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو.
هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر دەکەین کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە ڕۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە کە بەهۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیس ببوون، دەستان خۆشبێت.
لە کۆتاییدا سوپاس بۆ میوانان و گەشتیارانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر و هاونیشتیمانیان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ بوونى هیچ کێشەیەکى ئەوتۆ کە شایەنى باسکردن بێت، بەوپەڕى ئارامى و لەکەشێکى پڕ لە خۆشى بۆ هەموو لایەک ئەو یادە بەڕێکرا.
ئومێد خۆشناو
پارێزگارى هەولێر
2023.1.2