لە هەولێر.. لە ساڵی 2022 بە زیاتر لە (29 ملیار دینار) چەندین پڕۆژە خزمەتگوزاریی جێبەجێ كراون
لە هەولێر..
لە ساڵی 2022 بە زیاتر لە (29 ملیار دینار) چەندین پڕۆژە خزمەتگوزاریی جێبەجێ كراون
بە زیاتر لە 29 ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و 15%ـی داهاتی شارەوانی هەولێر، لە ساڵی 2022 لە هەولێر چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كراون.
پڕۆژەکانیش لە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر (37 پڕۆژە) و لەسەر 15٪ی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر 40 پڕۆژە بوونە، ئەو پڕۆژانەش لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێكراون، ئەوە جگە لە 3 پڕۆژەی دیکە لەسەر بودجەی 100٪ی شارەوانی و تەمویلی دارایی و لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش 11 پڕۆژەی دیکە جێبەجێ کراون. هاوکات پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلار لە شەقامی هەولێر - کۆیە بۆ هەولێر - شەقڵاوە، ھەروەھا شەقامی خێرای ڕێگەی گۆپاڵ بە گوژمەی زیاتر لە 110 ملیۆن دولار جێبەجێ کراون.
هەر لە ساڵی 2022 لە ڕێگەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بڕی زیاتر لە 7132 تۆن قیر بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەکارهاتووە.
بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، لە ڕێگەی تیمەکانی ئەندازەی پارکەکان، زیاتر لە 121 هەزار دار و 182هەزار گوڵ چێندراون، ئەمەش كاریگەرییەكی باشی لە زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی شار هەبووە، ئێستاش ڕێژەكەی گەیشتووەتە 19.5٪ ، هاوكات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر زیاتر لە 740 تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە و ژێر خاک کراون.