بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.1.8، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی شارەوانییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە قایمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان و بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری خزمەتگوزار ژینگە پارێزی هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەی خستە ڕوو، دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی ڕابردوو، کە لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و لە سەر داهاتی 15%ی سەرۆکایەتی شارەوانی، کاری باش کرا و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زۆر باش پێشکەش بە هاوڵاتییان کرا لەسنووری سەرجەم شارەوانییەکان.
پاشان گفتوگۆی لەبارەی پلان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەمساڵ 2023 و پێداچوونەوە بە ئامادەکارییەکان کرا و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەرەپێدان و باشترکردن و ڕێکخستنەوەی شەقامەکانی شار و بازاڕ و بازاڕە میللیەکان بەگشتی کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شوستەکان و ئەو شوێن و شەقامانەی کە لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەباڵغی زۆریان کەوتۆتەسەر، ئەمە وێڕای تەئکیدکردنەوە لە بەردەوامیەدان بەهەڵمەتی ڕێگە نەدان بە ئەنجامدانی سەرپێچی و هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکان.
لە کۆتایدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە دوای خستەڕووی ڕا و سەرنج و تێبینی لەبارەی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە خزمەتکردنی هاوڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێویست لە لایەن شارەوانییەکانی هەولێر، تەئکید لە دەستکردنەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی بۆ ئەم ساڵ 2023 کرایەوە.