له‌باره‌ی دامه‌زراندن له‌ ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

له‌باره‌ی دامه‌زراندن له‌ ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت



دوای كاراكردنی لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور، لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی 12 ملیۆن کەس لینکەکەیان کردووەتەوە، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، 6 هەزار کەس دادەمەزرێت کە 2600یان بۆ هەرێمی کوردستانە.

رۆژی سێشەممە 17-1-2023، کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور رایگه‌یاندبوو، رۆژی چوارشەممە لینکی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور دادەخرێت.

لە کەمتر لە 40 کاژێری کردنەوەی لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزاردندن بۆ پاسەوانی سنووری سنوور، 11 ملیۆن و 981 هەزار و 671 جار لینکەکە کراوەتەوە، کاروان خۆشناو دەڵێت: "لەو ژمارەیەی لینکی فۆڕمەکەیان کردووەتەوە نزیکەی 2 ملیۆن کەسیان داوای دامەزراندنیان کردووە و فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە".

گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور گوتیشی: "بۆ هەموو عێراق 6 هەزار کەس دادەمەزرێت؛ لەو ژمارەیە 2600 یان بۆ هەرێمی کوردستان دەبن."

دامەزراندنەکە تەنیا بۆ رەگەزی نێرە، بە گوتەی کاروان خۆشناو، لە دەرچووی ناوەندییەوە ئەگەری وەرگیرانی هەیە بەو مەرجەی تەمەنی لە نێوان 17 بۆ 35 ساڵ بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.

فەرماندەی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور ئەرکی پاراستنی سنوورەکانە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین.