پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە سەرۆکى یەکێتى تۆپى بالەى عێراق کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە سەرۆکى یەکێتى تۆپى بالەى عێراق کرد


ئەمڕۆ شەممە 2023.1.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بەختیار فەرھاد، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وەرزشی، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە جەمیل عەبادى، سەرۆکى یەکێتى تۆپى بالەى عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکى یەکێتى تۆپى بالەى عێراق و شاندێکى یاوەرى زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریانکرد بۆ رەخساندنى ئەم دیدارە و تیشکیان خستە سەر کردنەوەى سەربازگەى هەڵبژاردەى تۆپى بالەى عێراق و ئەنجامدانى یارى کۆتایی پاڵەوانیەتى خولى هەشتەمى تۆپى بالەى عێراقى لە هەولێرى پایتەخت.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى به خێرهاتنیانی، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین کە یارى کۆتایی خولى هەشتەمى تۆپى بالەى عێراق لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەرێوەدەچێت، وەکو پارێزگاى هەولێریش هەرچی پێویستە لە ئاسانکارى و هاوکاریکردنتان ئامادەین پیشکەشتان بکەین".