بە گوژمەى (640 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنی پۆند لە بەرزاییەکانی تارین دانرا

بە گوژمەى (640 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنی پۆند لە بەرزاییەکانی تارین دانرا


ئەمڕۆ شەممە 2023.1.21، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى ئاودێرى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، بەگوژمەى (640 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بەردى بناغەى پرۆژەی دروستکردنی پۆند لە بەرزاییەکانی تارین لە ناحیەی کەسنەزان دانرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێ دەکرێت و ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکەش (360 ڕۆژە).
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەى کە بەنداوێکى بچووکە و ئاوى باران و لافاو کۆدەکاتەوە، بۆ وەرزى گەرما سوودی زۆرى بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى ناوچەکە و زیادکردنى ئاوى ژێر زەوى دەبێت، لە هەمانکاتیشدا دەبێتە شوێنێکى گەشتیاری، ئومێد دەکەین پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بە کۆتا بێت".
جێگەى باسە، لە ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، چەندین پۆند بڕیارى دروستکردنیان دراوە بەتایبەت لە سنوورى گوندەکان، لە ئێستاشدا زۆربەى ئەو پڕۆژانە بودجەیان بۆ تەرخان کراوە و کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەندێکیشیان لە قۆناغى تەندەر و گرێبەستدان.