نرخی نەوت دابەزی و زێڕیش بەرزبووەوە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا کە بە بازاڕەکانی ئاسیا دەستپێدەکات، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 46 سەنت دابەزی و بە 87 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمهریکا 40 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمهریکاش بە رێژەی 1.8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
شارەزایانی بانکی ئوسترالیی نیوزلاندی رایانگەیاند، " لە دوای ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی هاتووچۆ لە چین، جموجۆڵی و هاتووچۆی خەڵک لە چین بە رێژەی 22٪ زیادیکردووە، ئەوەش گەشبینی دروستکردووە کە خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە."
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە کە بازاڕی وزە دەتوانێت تووند ببێتەوە، نرخەکان بەرزببنەوە ئەگەر ئابووریی چین بەو شێوازەی کە بازاڕی پێشبینی دەکات بەرەو بووژانەوە بڕوات.
ههروهها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرێژەیەکی کەم بەرزبووەوە و پارێزگاری لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا کرد.