کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چاودێری کردنی بازاڕ و خۆراك و دەرمان بەڕێوەچوو
کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چاودێری بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراك و کوالێتی دەرمان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.1.29، بە سەر پەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى نوێنهری نوسینگهی بەڕێز سهرۆكی حكومهتی ههرێمى کوردستان و نوێنەرى فهرمانگهیی ههمانگی و بهدواچوونى ئەنجومەنى وەزیران و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەڕێوبەرانى گشتیى تەندروستى و کشتوکاڵ و فێتەرنەرى و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چاودێری بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراكی بهرههم هاتوو و هاوردهكراو و کوالێتی دەرمان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکە پارێزگارى هەولێر، لە بارەى کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان جەختى لە هەوڵى بەردەوامى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بە تایبەتى کۆنتڕۆڵى جۆرى لە سۆنگەی ئەو بەرپرسیاریەتە گەورە و پیشەییەی کە لەسەریانە و لە پێناوى بەرژەوەندى گشتیى هاونیشتیمانیان، چاودێرى وردى کەرتی دەرمان بکەن، گوتیشى: "ئامانجى ئێمە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان پاراستنی کوالێتی دەرمان و تەندروستی هاونیشتمانیانە، بۆیە دەمانەویت باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت و ڕێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نەدرێت بەدەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان هاوردەی دەرمان بکات و هەموو جۆرە دەرمانێکى نایاسایی لەلایەن لیژنەکانەوە دەستییان بەسەردا بگیرێت".
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە چاودێری بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراكی بهرههم هاتوو و هاوردهكراو، پارێزگارى هەولێر جەختى لە سەر ئەوە کردەوە لیژنەکان کار لە سەر تەندروستی و کوالێتی خۆراک بکەن و لە هەڵمەتى چاودێریکردنى بازاڕ و پشکبینەکانیان بەردەوام بن، بە تایبەت لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە خۆراکی تێدا ئامادەدەکرێت و پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکرێت، لە هەرشوینێک خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا ڕێکارى توندى یاسای لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنه کەى بکرێت، تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئێمە لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر داواى لە هاو نیشتمانیان کرد، هاوکاری تیمەکان بن و لە هەر شوێنێک دەرمانی کوالێتی خراپ و خۆراکی خراپ و ماوە بە سەرچوویان بینی تیمەکانی لێ ئاگاداربکەنەوە و ببنە بەشێک لە بە کلتورکردنی کوالێتی خۆراک و دەرمان.