پارێزگاری هەولێر، پێشوازى له سەرۆکى کۆمەڵەى پیاوانى کارى عێراقى تورکى کرد
ئەمڕۆ دووشهممه 2023.1.30 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە محمەد ساڵح چێلیک، سەرۆکى کۆمەڵەى پیاوانى کارى عێراقى تورکى و شاندێكى یاوهرى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانیی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، شاندى میوان سوپاسى پارێزگارى هەولێریانکرد بۆ پاڵپشتى و هەماهەنگى بەردەوامى لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، پاشان بەوردی باسیان لەو پڕۆژانه کرد کە لەبەردەستیاندایە و ئامانجى سەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان ڕوونکردەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان، ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر بۆ هەر پرۆژەیەک لە سەرجەم سێکتەرەکان بەهەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارتانین، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاى هەولێر پەرەپێدانی پەیوەندییە بارزگانى و پیشەسازییەکانە، لەو ڕووەشەوە هەرچی بە ئێمە بکرێت و پێویست بکات ئامادەین".
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە پەرەپیدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەولێر و تورکیا کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر جەختى لەوەکردەوە کە پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەرگای بەڕووی هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنهرانی وڵاتان کرایەوە کە بیانەوێت بێن وەبەرهێنان بکەن و گوتى: "ئێمەش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەشیان بکەین".
لە کۆتاییدا سەرۆکى کۆمەڵەى پیاوانى کارى عێراقى تورکى و شاندێكى یاوهرى، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێیان کرا.