سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونى بۆ چارەنووسى ئەو منداڵە کرد کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بێسەروشوێنە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوونى بۆ چارەنووسى ئەو منداڵە کرد کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بێسەروشوێنە


لە پێناو بە دواداچوونى زیاتر و چڕکردنەوەى هەوڵەکانى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى منداڵە وونبوەكەی گەڕەكی قەرەبووی ناحیەی كەسنەزان، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە ئومێد خۆشناو، پاڕێزگاری هەولێر کرد و پارێزگارى هەولێرى ڕاسپارد هەرچى پێویست بێت بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە ئەنجامی بدەن.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، پوختەیەکى لە بارەى هەوڵەکانى گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە، پێشکەش بە جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و دڵنیایی کردەوە کە هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە و هەڵمەتى گەڕانى تیمەکانى (بەرگرى شارستانى، ئاسایش، یەکەىK9ى وەزارەتى پێشمەرگە، تیمەکانى فڕۆکەوانى، پۆلیسى ناوچەکە) بەدوایدا بەردەوامە.

هەر ئەمڕۆش پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە خانەوادەى منداڵەکە کرد و نووسینگەى ڕێزدار سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پەیوەندیان بە بنەماڵەى منداڵەکە کرد، پشتیوانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان پێ ڕاگەیاندن و جەختیان لەوە کردەوە کە هەرچى پێویست بێت دەکرێت بۆ هاریکاری و یارمەتیدانیان لە پێناو دۆزینەوەى ئەو منداڵە.

جێگەى باسە، ئەیوب ئەحمەد سەعدوڵڵا، ئەو منداڵە تەمەن 13 ساڵەیە، کە ماوەى (7) ڕۆژە لە ماڵ چۆتە دەر و تاکو ئێستا شوێن بزر و بێ سەروشوێنە، هەر لە یەکەم ڕۆژى ونبوونەکەشی پارێزگارى هەولێر لەگەڵ کەس و کار و بنەمالەکەی لەسەر هێل بووە و تەواوى تیمەکانى ڕاسپاردەوە بەشە و ڕۆژ هەڵمەتێکى فراوانى گەڕان بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە ئەنجام بدەن، ڕۆژى شەممەش 2023.1.28، پارێزگارى هەولێر ڕاستەوخۆ سەردانى بنەماڵەکەى کرد لەو شوێنەى کە دوجار ئەو منداڵەى لێبینراوە، لە ئێستاشدا لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێرى وردى پڕۆسەى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى ئەو منداڵە دەکات.