لە هەولێر.. هەڵمەتى سزادانى ئەو شوێنانە دەستى پێکرد کە تابلۆى شوێنەکانیان بە کوردى نەنووسیوە
ئەمرۆ سێشەممە 2023.4.4، لە سەر فەرمانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ کوردى، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى نەبەز عەبدولحەمیدى، قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرانى سەرجەم شارەوانییەکانى سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، دەستکرا بە هەڵمەتى سزادانی پێبژاردنی سەرجەم ئەو کۆمپانیا و شوێنە بازرگانی و هوتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە و کافتریانەی کە لە دوای پێدانی یەک مانگ مۆڵەت بۆ گۆڕین و نووسینى تابلۆی شوێنەکانیان بە کوردى، تاکو ئێستا نەیانگۆڕیوە.
ئەم هەڵمەتە کە ئەمڕۆ و دەستى پێکرد و بەردەوام دەبێت، وەک قۆناغى یەکەم ڕێکارى پێبژاردنیان بەرامبەر سەرجەم ئەو کۆمپانیا و شوێنە بازرگانی و هوتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە و کافتریانە دەگرێتەوە کە تابلۆی شوێنەکانیان نە گۆریوە بۆ کوردى دەگیرێتەبەر، لە قۆناغى دووەمیشدا ئەگەر بەردەوام بوون لەسەر سەرپێچییەکەیان تابلۆى شوێنەکانیان لە لایەن شارەوانییەکان لیدەکرێتەوە و شوێنەکەشى بۆ ماوەیەک دادەخرێت.