پارێزگارى هەولێر.. سەردانى شەقامى تەعجیل و دیوەخانى کورەچیان و ماڵى تەعجیلى کرد

پارێزگارى هەولێر.. سەردانى شەقامى تەعجیل و دیوەخانى کورەچیان و ماڵى تەعجیلى کرد

شەوی شەممە 2023.4.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە چوارچێوەى سەردانەکانى شەوانى ڕەمەزان و بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شەوانی شەقامەکانى شار و کار و کەسابەتی کاسبکار و دوکاندارن، بە یاوەرى قائیمقامى قەزاى ناوەند و بەرپرس و کارگێڕانى ناوچەى قەڵات و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پاریزگا، سەردانى شەقامى تەعجیل و دیوەخانى کورەچیان و ماڵى تەعجیلى کرد.

لە سەرەتایی سەردانەکەیدا، لە نزیکەوە لە ڕەوشی شەوانی شەقامی تەعجیلى لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کۆڵییەوە کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین و زیندووترین شەقامەکانی هەولێری پایتەخت لە مانگى ڕەمەزان و هاوشێوەى شەقامى ئیسکان هیچ کات چۆڵ نابێت و بەردەوام جمەی دێت لە هاووڵاتییان بە تایبەتی گەنج و لاوان، پاشان چایەخانە و یارى میللی سینی سینیانێ شەقامەکەى بەسەرکردەوە، دواتر سەردانى ماڵی تەعجیلی کرد، کە شوێنێکی کەلتووری و ئەدەبی تورکمانییە لە شاری هەولێر و لەسەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لە برایەتی و پێكەوە ژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانی شار هەولێر کردەوە، پاشان سەردانى دیوەخانى کورەچیانى کرد، کە تایبەتە بە کاسبکارانى کورەچی، ئەو کاسبکار و کرێکارانەى کە مێژوویەکى دێرین و دوورودرێژیان هەیە لە بونیاتنانى خانووە کۆنەکانى هەولێر بە کەرپوچ.