لە پێناو پاراستن و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتییان، سەرجەم لایەنەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
ئەمڕۆ دووشهممە 2023.4.10، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى قەزایى ناوەند، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، زێرڤانى، بەڕێوەبەرى کەشناسى، بەڕێوەبەرى هونەرى بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرى چاککردنەوەى ڕێگاو بانى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاودێرى، بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆکان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لە پێناو بەرگرتن لە دروستبوونى لافاو و کەمکردنەوەى مهترسى ڕوودان و زیانەکانى ئەنجامدرا.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر دواى بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و ڕێکارانەى لە ماوەى ڕابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەى مەترسیەکانى ڕوودانى لافاو و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى دروست بوونى گیراوەتەبەر، تیشکى خستەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان و هەموو ئەو شوێنانەى کە دەبنە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و مەترسى دروستبوونى لافاو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختى لەوەکردەوە لەماوەى (72) کاتژمێرى داهاتوودا جگە لەوەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر لە پێناو دوورخستنەوەی مەترسییەکانى لافاو لەئامادەباشى تەواو دادەبێت، هەریەک لە قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا، سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و سەرجەم شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرگرى شارستانى، ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێرى، تەندروستیى، کارەبا، زێرەڤانى، پۆلیس، پۆلیسى هاتوچۆشی ڕاسپارد، وەک یەک تیم بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکى نەخوازراوى دروستبوونى لافاو و پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لە ئامادەباشى تەواودابن.
جێگەی باسە، لە ساڵی ڕابردوو بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چەندین پڕۆژەى جیاجیا بۆ چارەسەرکردنى کێشەى لافاو لەسنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێکراوە، وەک دروستکردنى ئاوەڕۆى سندوقى، ئاوەڕۆى کونجى کونکرێتى و بەستانەوەى ئاوبەرەکان و ئاوبەرى سندوقی کۆنکرێتى و بۆڕى کۆنکرێتى لوولەیی و دووبارە دروستکردنەوەى تەنیشتە جۆگەکان و جۆگەکانى ناوەڕاستى ڕێگەکان و ڕێکخستنەوەى کەندەکان و پاککردنەوەی ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران.