پاریس: پارێزگاری هەولێر، سەردانی باڵیۆزی عێراقی لە فەڕەنسا کرد
پاریس:
پارێزگاری هەولێر، سەردانی باڵیۆزی عێراقی لە فەڕەنسا کرد
ئەمڕۆ شەممە 2023.4.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پاریس و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لەپاریس کرد و لە لایەن د.ودیع ئەلبەیاتی، باڵیۆزی عێراق لە فەڕەنسا، بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی عێراق وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی نیشاندان بەسەردانەکەی بەڕێزیان، پاشان پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر سەردانەکەی بۆ پاریس و دیداری لەگەڵ خاتوو ئەن ئیدلگۆ، سهرۆكى شارهوانى پاریس و بەشداریکردنی لە کۆنگرەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی، پارێزگاری هەولێر، هەروەها سوپاسی باڵیۆزی عێراقی لە پاریس و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا هەیە بۆ هاریکاری و یارمەتیدان و خزمەتکردنی هاوڵاتییان، داواشی کرد بەڕێزیان ڕۆلی هەبێت لە هەوڵەکانی کردنەوەی هێڵی ڕاستەوخۆی نێوان فرۆکەخانەی هەولێر و پاریس.
لەوبارەیەشەوە، باڵیۆزی عێراق لەپاریس ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک و پاڵپشتیەک نیشاندا، پاشان لەنێوان هەردوولادا گفتوگۆ لە بارەی چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و عێراق کرا.