وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر: "داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە 5.1 تاوەکو 2023.8.1، سەردانی فەرمانگەكان بكەن بۆ ئەوەی كارتەکانیان بکەن سەنەد و ببن بە خاوەنی قەواڵەی یاسایی موڵکەکانیان"
وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر:
"داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە 5.1 تاوەکو 2023.8.1، سەردانی فەرمانگەكان بكەن بۆ ئەوەی كارتەکانیان بکەن سەنەد و ببن بە خاوەنی قەواڵەی یاسایی موڵکەکانیان"
رۆژی یەكشەممە 2023.4.30، هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خؤشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرەی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیى كشتوكاڵی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، قۆناغێكی تری گۆڕینی كارتیان بۆ سەنەد لە شاری هەولێر ڕاگەیاند.
لەوبارەیەشەوە وەزیرى شارەوانى، خۆشحاڵی خۆى نیشاندا لە بەرامبەر ئەوەى ئەمڕۆ قۆناغێكی تری كاركردنی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد ڕادەگەیەنرێت و جەختیش لەوەکردەوە لە سەر ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کارئاسانى هاووڵاتییان و ڕایککردن و جێبەجێکردنى کاروبارەکانیان بە باشی بەردەوام دەبين و گوتیشى: "ئێمە لە خزمەتی هاووڵاتییان دادەبین".
لە لایەن خۆشییەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند" وەک پارێزگاى هەولێر وێڕای سوپاسمان بۆ وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی داد و كشتوكاڵ و دارایی، دةستخؤشى لة بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری خانووبەرە و كشتوكاڵی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانى هەولێر دەکەین كە هەنگاوی زۆر گرنگیان لە گۆڕینی كارت بۆ سەنەد گرتووەتەبەر".
گوتیشی: "یەكێك لە داواكارییەکانى خەڵك چارەسەرکردنى ئەو گرفتە بوو، دوای چەندین گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ئەم پرسە بۆ دۆزیینەوەى ڕێگەچارەیەک، هەموو لایەک لە سەر شێوازێك ڕێككەوتین لە پێناو خێراكردنی مامەڵەی گۆڕینی ئەو كارتانە بۆ سەنەد و توانرا بەهەوڵى هەموو لایەک چارەسەری ئەو گرفتەمان بکەین لە شاری هەولێر، بۆیە جارێکى تر دەستخۆشی لەو فەرمانگە و فەرمانبەرانە دەكەین کە لە ماوەی ڕابردوودا كارەكانیان بە باشی ئەنجامدا بۆ دەستکردن بەپرۆسەى گۆڕینی كارت بۆ سەنەد".
پاشان وەزیری شارەوانی ئاماژەى بەوەدا، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا (13 هەزار و 289) كارتی تری گۆڕاوە بۆ سەنەد، لە كەرتەكانی (باغمرەشەهاب، گەڕەكی ژین لە دارەتوو، كورانی نوێ، بێریات و عەزە و 95ی كەسنەزان)، پێشتریش نزیكەی (32 هەزار) كارتی دیكە كراونەتە سەنەد و كۆی گشتیى ئەو كارتانەی لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتى هەرێمى کوردستان لە شاری هەولێر گۆڕدراون بۆ سەنەد، نزیكەی (45 هەزار و 63) كارتن.
لە کۆتایشدا هەردولا داوایان لە هاووڵاتییان کرد لە 2023.5.1 تاوەکو 2023.8.1، سەردانی فەرمانگەكانی شارەوانی و تۆماركردنی خانووبەرە بكەن بۆ ئەوەی ئەو كارتانە بکەنە سەنەد و بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان ببن بە خاوەنی قەواڵەی یاسایی موڵکەکانیان، چونكە لە دوای ئەو ماوەیەى کە دیاریکراوە بۆیان ئەگەر دەست بەهەنگاوەکانى گۆڕینى کارتەکان بۆ سەنەد نەکەن، ڕێکارى پێبژاردنى یاساییان دێتە سەر.