لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر.. لە بەرزاییەکانى کەسنەزان، هەڵمەتێکى پاککردنەوەى شوێنە گەشتیارییەکانى بەڕێوەچوو

لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر.. لە بەرزاییەکانى کەسنەزان، هەڵمەتێکى پاککردنەوەى شوێنە گەشتیارییەکانى بەڕێوەچوو

لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر..
لە بەرزاییەکانى کەسنەزان، هەڵمەتێکى پاککردنەوەى شوێنە گەشتیارییەکانى بەڕێوەچوو

یەکشەممە 2023.4.30، له‌ پێناو ژینگه‌یه‌کی پاک و بەئامانجى پاراستنى ژینگەى کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکان و لە بەردەوامى هەڵمەتە خۆبەخشیەکان، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى بەڕێوەبەرى ئەوقافى هەولێر و سەرۆکى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى ناحکومى و بەڕێوەبەرى ناحییەى کەسنەزان و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەپارێزى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە مامۆستایانى ئاینى و مامۆستایان و قوتابیانى زانکۆى تیشک و بەرپرسانى دیکەى حزبى و حکومى و چەند رێکخراوێکی ژینگە پارێزى، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی ناحکومى بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى ژینگە پارێزی و بەڕێوەبەرایەتى ئەوقافى هەولێر، لە بەرزاییەکانى کەسنەزان دەستیانکرد بە هەڵمەتێکى پاککردنەوەى ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنەگشتییەکان.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە سەرپەرشتیارانى هەوڵمەتەکە و بەشداربووانى، ڕایگەیاند: "هیوادارین خەڵک بەگشتى و گەنجان بەتایبەتى ئەمە ببیینن، کە مامۆستای ئایینی بەو تەمەنەوە دێن و ئەو زبڵە پاکدەکەنەوە و بیریان نه‌چێ، ئەوەی تۆ بە ئاسانی فڕێی دەدەی کارمەندانی ژینگە بەزەحمەت کۆی دەکەنەوە، بۆیە تکایە ژینگەى ناوچە گەشتیارى و شوێنە گشتییەکان بپارێزن". داواشى لە هاوڵاتییان کرد کە دێن بۆ سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان، وەک بەرپرسیاریەتیەکى نیشتیمانى بەشێک لە کاتیان ببەخشن و بەشداربن لەو هەڵمەتە و لەمەو دوا هیچ شتێک لە دوای خۆیان فڕێ نەدەن و بەجێى نەهێڵن.

جێگەى باسە، ناوچە گەشتیارەکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى لە وەرزى بەهار و نەورۆز ڕۆژانە و هەفتانە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیان خێزان ڕوى تێ دەکەن، بەڵام هەندێجار و بەهۆى مامەڵەى نابەرپرسانەى بەشێک لە هاوڵاتیان ژینگەى سروشتى ناوچە گەشتیارییەکان تێکدەدەن، ئەوەش وادەکات ناوچەکان جوانى و پاکیەکى خۆیان لە دەست بدەن.