پارێزگاری هەولێر، دوا قۆناغی پڕۆژەی پاراستنی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز3ـی لە هەولێر بەسەرکردەوە
پارێزگاری هەولێر، دوا قۆناغی پڕۆژەی پاراستنی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز3ـی لە هەولێر بەسەرکردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.5.1، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، بە یاوەری قائمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، دوا قۆناغی پڕۆژەی پاراستنی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز3ـی هەولێری بەسەرکردەوە.
ئەم پڕۆژەیە کە قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕی GRP یە بۆ کاربۆن ستیل بەتیرەی 1500ملم و بە درێژی 2750 مەتر، بەگوژمەی (4 ملیار و 354 ملیۆن و 750 هەزار دینار) لە سەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
پارێزگاری هەولێر لە بەسەرکردنەوەکەیدا، وێڕای دەستخۆشی لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، داوای کرد لە زوورین کاتدا کارەکان بەکۆتا بهێنرێت بۆ ئەوەی ئاوی پاکی خواردنەوە بگەڕێتەوە ماڵان، کە ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی گۆڕینی بۆڕییەکە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر ئاویان بۆ ناڕوات.
جێگەی باسە، پڕۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز3 بە نزیکەی (21 ملیار دینار) لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژایی 11 کم لە وێستگەی مارعودا بۆ خەزانی دەواجن لە بۆری جۆری GRP بۆ بۆری جۆری کاربون ستیل دراوە، بڕیاری گۆرینی دراوە، کە لەپێشوتردا زوو زوو بەهۆی بەسەرچوونی دەشکا و بەشێکی زۆری لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر بێ ئاو دەکرد، لە ئێستاشدا وەک قۆناغی یەکەم دەست کراوە بە گۆڕینی بۆڕییەکە بە درێژی 2750م و بە گوژمەی (4 ملیار و 354 ملیۆن و 750 هەزار دینار) لە وێستگەی مارعودا تا نزیک شارۆچکەی عنکاوە.