پارێزگاری هەولێر: "لەمڕۆوه هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لەنێوان ( هەولێر- سلێمانی) و (سلێمانی- هەولێر) لەرێگای كەركوكەوە دەبێت"
پارێزگاری هەولێر: "لەمڕۆوه هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لەنێوان ( هەولێر- سلێمانی) و (سلێمانی- هەولێر) لەرێگای كەركوكەوە دەبێت"
رۆژی سێشەممە 2023.5.2، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت چارەسەرکردنی داخستنی ڕێگای هەولێر - کۆیە - سماقوڵی و بالیسان و خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی ئەو سنوورە و ڕێگەنەدان بە هاتووچۆی بارهەڵگران ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر و قائیمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری ئاسایشی بازگەکانی هەولێر و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر و بەڕێوەبەری ڕێگا و بانی کۆیە و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا ئامادەی بوون، کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندی هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بەم بارودۆخە و چارەسەرکردنی جوڵەی بازرگانی نێوان هەولێر و شارەکانی تری کوردستان، دەستخۆشی لە قائیمقامیەتی کۆیە و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زەحمەتییەکی زۆریان دیوە و لۆدێکی زۆریان لەسەر بوو کرد و گەیشتە ئەو بڕیارانەی خوارەوە:-
یەکەم/ لەمڕۆوه 2023.5.3، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بەڕێگای سەرەکی کەرکوک هەولێر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر ڕاسپێردرا ئامادەکار تەواو بکات تاکو لە زووترین کاتدا هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەن چارەسەر بکرێت.
دووەم/ سەبارەت بە داوا و داخوازی خۆپیشاندەرانی سنوورەکە لەبارەی ڕێگاو بانەکانی (کۆیە، سماقوڵی، بالیسان، سکتان) لە ئێستادا چوار پڕۆژەی گرنگ لەم شوێنانە لە جێبەجێکردندان، کەئەوانیش:-
1- تەواوکردنی پڕۆژەی شەقامی فیدراڵ، ئەو پڕۆژەیە دەستی پێکراوە بەڵام لەم ماوەیە بە هۆی هەندێک گرفتی بوودجە، کارەکانی وەستاوە و لەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت و بەڵێندەر دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
2- ڕێگای سکتان لە 40٪ کارەکانی تەواو بووە ئەویش چاککردنەوەی ڕێگاکەیە و لەو چەند ڕۆژە دەست بەکارەکانی دەکرێتەوە.
3- ڕێگای سماقوڵی، بەهۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا لۆدێکی زۆری لەسەربوو، بەو هۆیەوە بەڵێندەر نەیتوانیوە کارەکانی بکات، بەڵام لەمەودوا ئەو هۆکارانەش نامێنێت و لەزووترین کاتدا بەڵێندەر دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.
4- ڕێگای بالیسان، ئەویش گرفتی بودجەی هەبوو و لەم چەند ڕۆژەدا هەوڵدەدرێت جارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت و دەست بەکارەکان بکرێتەوە.
هەر سەبارەت بەو پرسە، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، ڕایگەیاند: " دواى ئەوەى لە ماوەى چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێگاکانی (هەولێر - کۆیە - سماقوڵی و بالیسان) لەلایەن هاوڵاتییانی ئەو سنوورە بە ڕووی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان گیراو و گرفت لە جوڵەی بازرگانى دروست بوو، دەرەنجام خەڵکانێکی زۆر دووچارى زەحمەتى زۆر بوونەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا.
گوتیشی: "دواکارى خەڵکی ئـهو ناوچانە سەبارەت بە نالەباری ڕێگاکان داواکاری ڕەوایە، چونکە خەڵکى ئەو ناوچانە زەحمەتیەکى زۆریان دیوە بە هۆی ڕووداوى هاتووچۆ لە شەقامە گشتیەکان، بەڵام وەک لای هەمووان ئاشکرایە لەدوای ڕووداوی 16ی ئکتۆبەر بەناچاری هاتووچۆی بارهەڵگرەکان خرایە سەر ئەو ڕێگایانە، کە پێشتر بەشی زۆریان هاتووچۆیان لە نێوان هەولێر و سڵێمانى لە ڕێگای کەرکوک- شێراوە بوو، بەڵام بڕیارماندا لە بەیانییەوە دووبارە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بگەڕێتەوە ڕێگای سەرەکی کەرکوک، ئەویش بە هۆی ئەوەی لەو حەفت ڕێگایەی کە هەولێر- سلێمانی بەیەکە دەبەستێتەوە تاکە ڕێگای سەلامەتە بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان و بارهەڵگرەکان، ئەگەرچی ئەوهەنگاوەش پێویستی بە هەندێک ئامادەکاری دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبانی هەولێرمان ڕاسپاردووە ئامادەکار بکات بۆ ئەوەی لەزووترین کاتدا کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێت.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "داواکارین لە هاوڵاتییانی خۆشەوێستی ئەو سنوورەش، هەروەک چۆن ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان گوێمان لە داواکاری ئەوان گرت و داخوازی ئەوان جێبەجێ دەبێت، ئەوانیش گوێ لە ئێمە بگرن و بڕیارەکان جێ بەجێبکەن و ئەو بارهەڵگرانەی کە ماوەی چەند ڕۆژە ڕێگەیان نادرێت تێپەڕن، ڕێگایان بۆبکرێتەوە و تێپەڕن، با چیتر زەحمەتی نەبینن و لەو ڕێگایانە نەمێنەوە، هەروەها هەموو ئەو بەربەستانەش هەڵبگیرێت کە دروستیان کردووە و خەڵکیش کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و بچنەووە سەر کار کەسابەتی خۆیان".
لە کۆتایشدا گوتی: "سەرجەم داواکارییەکانی خەڵکی ئەو سنوورە داواکاری ڕەوان و بەدڵنییایەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی بودجەی بەردەست داواکارییەکانیان جێبەجێدەکات، هەروەها لە پێناو فراوانترکردنی جوڵەی بازرگانی هەولێر لەگەڵ شارەکانی تری کوردستان و عێراق هەوڵی دەدەین لە هەموو ئاستەکان کارئاسانی بۆ هاوڵاتییان بکرێت".