لە کۆی (56) پڕۆژە، زەوى بۆ (40) پڕۆژەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا

لە کۆی (56) پڕۆژە، زەوى بۆ (40) پڕۆژەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کرا


ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.5.7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونى سەرجەم ئەندامان، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان به‌رێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى خستنەڕوو و پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان کرا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوە، لە بارەی یەکلاییکردنەوەی کێشە و گرفتی چەندین پڕۆژەی جیاجیا گفتوگۆکرا، ئینجا دوای خستنەڕووی داواکاری ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە داوای زەویان کردووە بۆ دروستکرنی کارگە، لە کۆی (56) پڕۆژە، (40) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند بەڕووبەرى جیاجیا زەویان بۆ تەرخانکرا و (14) پڕۆژە دواخرا و (2) پڕۆژە ڕەتکرایەوە.

جیگەى باسە، لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێرى پایتەخت بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ چەندین کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان کردووە، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.