پارێزگاری هەولێر: "ئەگەر لە دامەزاراوەکانى ترى حکومەت خزمه‌تكردن و ڕیزگرتن له‌ هاولاتییان خواست بێت، لەلاى هێزەکانى پۆلیس ئەرکە"

پارێزگاری هەولێر:


ئەمرۆ سێشەممە 2023.5.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان و پیرۆزبایی بەبۆنەى دەست بەکاربوونى بەرێوەبەرى نوێى پۆلیسى هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری کرد و لەلایەن عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و بەرێوەبەرانی هۆبە و بەشەکان و ئەفسەر و پلەدارانى بەڕێوەبەرایەتیەکە، کە هەریەک لە لیوا تارق ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم و هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەقید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا ئامادەى بوون، وێڕاى پیرۆزبایی لە بەرێوەبەرى نوێى پۆلیسى هەولێر، ئومێدى سەرکەوتنى بۆ خواست و دەستخۆشی لە ئەفسەر و پلەدارانى پۆلیس به‌گشتیى و لەڕێگەی ئەوانیشەوە لە سەرجەم کارمەندانى هێزەکانى ناوخۆ کرد بۆ ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان و جەختی لەسەر گرنگی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس کردەوە لە بەرقەرارکردنی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتیان، هەروەها ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی لە جێبەجێکردن و بەرقەراکردنى یاسا بەرزنرخاند و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و ڕایگەیاند: "وەک وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر بەهەموو شێویەک پاڵپشت و هاوکارتانین بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان".

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان و پارێزگاریکردن لە ماف و داوا و داخوازى و خواستەکانیان کردەوە و گوتی: "وه‌كو حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و پارێزگاى هه‌ولێر، خزمه‌تكردن و ڕیزگرتن له‌ هاولاتییان سه‌نته‌ری كاری ئێمه‌یە، ئەگەر لە دامەزاراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى ترى حکومەتى هەرێم خزمه‌تكردن و ڕیزگرتن له‌ هاولاتییان خواست بێت، لەلاى هێزەکانى پۆلیس ئەرکە، چاوەڕوانى ئێمەش لە ئێوە ئەوەیە لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیە لە پلە یەک دابن و وەک یەک تیم لە خزمەتى هاونیشتیمانیان بەردەوام بن لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانتان".

لە لایەن خۆیەوە، عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سوپاسی پارێزگاری هەولێرى کرد بۆ سەردانەکەی و ڕایگەیاند: " وەک هێزەکانی پۆلیس لە هەولێر هەموو هەوڵێکی خۆمان خستۆتەگەڕ لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان و بەردەوام بەشەو و ڕۆژ لەو پێناوەدا لەخزمەت هاوڵاتیان دادەبین".